رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەواڵێکی خۆشی لەبارەی یاریزانەکەی لامین یامال، ئەستێرەی تیپەکەیەوە پێگەیشت، کە بەهۆی پێکانەوە لە دوایین چەند یارییەکدا ئامادەنەبوو.
یامالی تەمەن 17 ساڵ لە یارییەکەی بارسێلۆنا بەرامبەر سێرڤینا سڤێزدای سڕبی لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکان بوو لە پاژنەی پێیدا.
بارسێلۆنا لە یارییەکانی بەرامبەر ریال سۆسیداد و سێلتاڤیگۆ لە خولی ئیسپانیا لە تواناکانی یاریزانە بەتواناکەی بێبەش بوو، ئەمە جگە لە یارییەکەی بەرامبەر ستاد برێستی فەرەنسی لە چامپیۆنزلیگ.
ئەکاونتی فەرمی یانەی کەتەلۆنی لە رێگەی ماڵپەڕی ئێکسەوە ڤیدیۆیەکی مەشقەکانی تیپەکەی بڵاوکردەوە، کە بۆ یەکەمجار بوو لامین لە دوای پێکرانی بەشداری لە مەشقەکاندا بکات.
رۆژنامەنووس ئەلێکس پێنتانێل لە رێگەی ئەکاونتی خۆیەوە لە ماڵپەڕی ئێکس ئاشکرای کرد کە یامال رۆژی شەممە پشکنینی پزیشکی کۆتایی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی داهاتووی بارسێلۆنا دیاری بکرێت.
پێدەچێت یامال لە رێگای گەڕانەوەدا بێت بۆ یاریکردنەوە لەگەڵ بارسێلۆنا، بەڵام بەئەگەرێکی زۆرەوە شەممەی داهاتوو لە خولی ئیسپانی بەرامبەر لاس پاڵماس یاری ناکات، بەهۆی ئەوەی بەتەواوی ئامادە نابێت.
یانەی بارسێلۆنا هەوڵدەدات یامال ئامادە بکات بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە گەڕی نۆزدەمی خولی ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ