رووداو هەولێر
بڕیارە ئەمشەو یانەی هەولێر بەمەبەستی ئەنجامدانی یاریی بەرامبەر یانەی نەفتی میسان گەشتێکی دوور و درێژ بکات.
لە گەڕی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی شەممە یانەی نەفتی میسان لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی هەولێر دەکات، بڕیارە شاندی یانەی هەولێر ئەمشەو کاژێر 21:00 لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشتی شاری بەغدا بکەن، دواتر بە فڕۆکەیەکی دیکە لە بەغداوە گەشتی شاری بەسرە دەکەن، لەگەڵ گەیشتنی یانەی هەولێر بۆ شاری بەسرە راستەوخۆ بەپاسی گەشتی شاری میسان دەکەن.
نزار سلێوە، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە دەمانەوێت بە کاتێکی کەم گەشتەکە کورت بکەینەوە، دەمانەوێت تیپەکە پشوو بدات و ئامادەبین بەشێوەیەکی باش بۆ یارییەکەمان بەرامبەر یانەی نەفتی میسان".
یانەی هەولێر لە گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا توانی ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی حدوود بباتەوە، بەم ئەنجامە درێس زەردەکان کۆی خاڵەکانی بۆ 14 خاڵ بەرزکردەوە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکەیە.
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، کە بە گواردیۆلای کوردستان ناسراوە، خۆشەویستییەکی زۆری لەنێو هاندەرانی یانەکە دروستکردووە و بووەتە هیوای گەورەیان.
سەمیر بابۆ، لە دوایین راهێنانی یانەکە لە شاری هەولێر، بۆ رووداو گوتی "دەزانین یارییەکەمان ئاسان نییە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەکاریمان کردووە، ئەوەی جێگای دڵخۆشیمە لە یاریی رابردووش یاریزانەکان بەشێوەیەکی باش گوێڕایەڵمان دەبن و ئەرکەکانیان باش جێبەجێدەکەن".
پێکان بووە هۆکاری دابڕانی ئوسامە رەشید، ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر، کە بە ئەندازیاری هێرشەکانی تیپەکەی ناسراوە، بۆ یاریی داهاتوو ئەم یاریزانە ئامادە دەبێت و بارودۆخی تەندروستی زۆر باشە.
هەولێر وەرزی ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق 4 یاری بردووەتەوە، دوو یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە.
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ شەش یاریزانی پیشەگەر کردووە، باڵکێشترینیان یوسف بن سۆدە هێرشبەری تونسییە، ئەم یاریزانە سێ گۆڵی بۆ تیپەکە تۆمارکردووە.
یوسف بن سۆدە، هێرشبەری پیشەگەری یانەی هەولێر، کە یەکەمجارە ئەزموونی ژیانکردن لە هەرێمی کوردستان تاقیدەکاتەوە بۆ رووداوی روونکردەوە "بەڕاستی سەرسامم بە ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراق و هاندەرانی یانەی هەولێرن تاکن لە ئاستی هەرێمی کوردستان، خۆزگە لە شاری هەولێر یاریگەیەکی باش هەبووایە، بەڵێنیش دەدەم دڵی خۆشەویستانم لەم شارەدا بە گۆڵەکانم خۆش بکەم".
یانەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا 4 جار نازناوی خولی عێراقی بەرزکردووەتەوە، دووجاریش گەیشتووەتە یاریی کۆتای جامی یەکێتیی ئاسیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ