نزیکە نێوماڵی مەدرید دەتەقێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی زۆر تووڕەیە لە کارگێڕیی یانەی شاهانە بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز.
ئێستا ریال مەدرید بەناخۆشترین ساتەکانی ئەم وەرزەدا تێدەپەڕێت، بەو پێیەی تیپەکە بەسەرکردایەتی ئەنچێلۆتی بەدەست زنجیرەیەک ئەنجامی نەرێنیەوە دەناڵێنێت کە پێش پشووی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد، بەو پێیەی دوو دۆڕانی یەک لە دوای یەک بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی ئیسپانیا و میلان لە چامپیۆنزلیگدا تووشی بوو، هەردووکیان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوون.
دوای پشووەکە، پێدەچوو تیپەکە هاوسەنگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە بە سەرکەوتنە گەورەکانی بەرامبەر ئۆساسۆنا و لیگانێس، بەڵام کاتێک جارێکی دیکە رووبەڕووی تیپێکی بەهێز بووەوە، لاوازییەکانی دەرکەوتن و جارێکی دیکە دۆڕا.
دوێنێ چوارشەممە، لە قۆناخی پێنجەمی چامپیۆنزلیگدا، لیڤەرپوولی ئینگلیزی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە ریال مەدریدی بردەوە.
دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچێلۆتی دانی بە سەختی چانسی ریال مەدریددا ناوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەرکەوێت بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە و لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوای یارییەکەدا رایگەیاند "ئەم دۆڕاندنە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، تەنانەت ئەگەر سەرکەوتنیشمان بەدەستهێنابووایە، بۆ ئێمە قورس دەبێت یەکێک بین لەو 8 تیپەی راستەوخۆ سەردەکەون".
ریال مەدرید لە ریزبەندیی خولەکەدا بۆ پلەی 24 دابەزی، بەهۆی ئەوەی لە 5 یارییدا تەنیا 2 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 3 جار دۆڕاوە.
بەپێی دوایین هەواڵەکان، هەرچەندە ئەنچێلۆتی وەرزی رابردوو سەرکەوتووبوو لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، بەڵام ئەنجامە خراپەکانی ئێستای لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا لە یانەی شاهانە بڕوات.
رۆژنامەڤان رۆبێرتۆ مۆرالێس لە لێدوانێکدا ئاشکرایکردووە کە هەندێک کەس لەنێو یانەکەدا پێیانڕاگەیاندووە کە دوو هەفتە لەمەوبەر سانتیاگۆ سۆلاری، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە ئاگادارکراوەتەوە کە پێویستە ئامادە بێت بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە قۆناخی داهاتوودا.
ئەو رۆژنامەڤانە دووپاتی کردەوە کە ئەم زانیاریانە بە ئەنچێلۆتییش گەیشتووە، ئەمەش تووڕەیی و ناڕەزایی ئەوی ورووژاندووە.
رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی لەماوەی رابردوودا هەمان زانیاریی بڵاوکردەوە و روونیکردەوە کە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە سۆلاری لە راول گۆنزالێزی ئەفسانەی مێرێنگێ و راهێنەری تیپی دووەمی ریال مەدرید گونجاوترە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەری کاتی بگرێتە ئەستۆ.
سانتیاگۆ سۆلاری، لە تشرینی دووەمی 2018 تاوەکو مانگی ئاداری 2019 پۆستی راهێنەری تیپی دووەمی یانەی ریال مەدریدی بەدەستەوەبووە.