گاریس بەیڵ: سوورم لەسەرئەوەی ئێمباپێ باشترین یاریزانی جیهانە
رووداو دیجیتاڵ
گاریس بەیڵ، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید دووپاتیکردەوە کە کیلیان ئێمباپێ باشترین یاریزانی ئێستای جیهانە، ئەگەرچی گلەیی زۆر لە ئاستی ئەو یاریزانە هەیە.
بەیڵ دەڵێ، ئەوەی بەسەر ئەو یاریزانەدا دێت، تەنیا "کاتە" و تێدەپەڕێت و دەیسەلمێنێت کە باشترینی جیهانە.
ئێمباپێ جیا لەوەی لەسەرەتای چوونیەوە بۆ ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدا دەژی، لە یارییەکەی دوێنێ شەوی ریال مەدریدیش بەرامبەر لیڤەرپوول، لێدانێکی سزای لەدەستدا و ریال مەدرید یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
بەیڵ کە 16 نازناوی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە، لە لێدوانی بۆ 'تی ئێن تی سپۆرت' دووپاتیکردەوە کە ئێمباپێ باشترین یاریزانی جیهانە.
ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی وێڵز دەڵێ، "ئەو باشترین یاریزانی جیهانە و سەلماندن و دووپاتکردنەوەی ئەو راستییە، تەنیا هەندێک کاتی پێویستە".
بەیڵ کە ئێستا وەکخۆی دەڵێ زۆرینەی کاتەکانی بە یاریی گۆڵف بەسەردەبات، دووپاتیکردووەتەوە، "ئەو رەخنەیەی لە ئێمباپێ دەگیرێت بەهۆی لەدەستدانی لێدانی سزاوە، هەمان رووداو بەسەر محەمەد سەڵاحیشدا هات، بەڵام لەبەرئەوەی لیڤەرپوول براوەبوو، هەمووان باسی لێدانە سزاکەی ئێمباپێ دەکەن".
ئەو هەروەها لەبارەی ئەنجامی یارییەکەوە گوتی، "لیڤەرپوول باشتر بوو بەجیاوازییەکی زۆرەوە، لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد".
بەهۆی شکستەکەی دوێنێ شەوەوە، ریال مەدرید لە دۆخێکی خراپدایە لە چامپیۆنزلیگ و لە پێنج یاریدا تەنیا شەش خاڵی بەدەستهێناوە و ئومێدی زۆر لاواز بووە بەسەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.