رووداو دیجیتاڵ
بۆ هاندانی وەرزشوانان و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە جۆشوخرۆشێکی زیاترەوە بەشداری لە بۆنە وەرزشییە جیهانییەکاندا بکەن، بەتایبەتیش یارییەکانی ئۆڵیمپیاد، لیژنەی ئۆڵیمپی نیشتیمانیی عێراق، بڕیاریداوە پاڵپشتییەکی گەورەی ئەو وەرزشوانانە بکات.
عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق، بەڵێنیدا پاداشتێکی دارایی گەورە بە هەر وەرزشوانێکی عێراقی بدات کە میدالیای ئۆڵیمپی بەدەستبهێنێت.
موفتن لە بڵاوکراوەیەکدا کە ئەمڕۆ میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاند "هەر وەرزشوانێکی عێراقی میدالیای ئۆڵیمپی بەدەستبهێنێت، بەرزترین پاداشتی پێدەدرێت کە دەکاتە یەک ملیۆن دۆلار، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئامانج لێی هاندانی وەرزشکارانی عێراق و پێشکەشکردنی پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی دەستکەوتی گەورە لە پێشبڕکێ جیهانییەکاندا بەدەستبێنن".
موفتن زیاتر گوتی "ئەم پاداشتانە بەشێکن لە ستراتیجی لیژنەکەیان بۆ پاڵپشتیکردنی وەرزشوانان و پەرەپێدانی وەرزشی عێراق بەگشتی".
سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی نیشتمانی عێراق، هیوای خواست کە ئەم پاڵپشتە داراییە یارمەتیدەر بێت بۆ هاندانی وەرزشوانان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی نایاب لە ئۆڵیمپیاددا.
ئەگەر لیژنەی ئۆڵیمپی نیشتمانی عێراق، ئەم بەڵینەی بباتەسەر، دەبێتە گەورەترین پاداشتی دارایی کە وڵاتێک پێشکەشی وەرزشوانێکی بکات بەهۆی بردنەوەی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ