رووداو دیجیتاڵ
یانەی لیڤەرپوول برینەکانی ریال مەدریدی لە چامپیۆنزلیگدا قوڵترکردەوە و بەبردنەوەیەکی گرنگەوە یانەکەی ناردە پلەکانی کۆتایی ریزبەندی خولەکە.
لە گەڕی پێنجەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، هەردوو یانە لە ئانفێڵد رووبەڕووی یەکبوونەوە، لیڤەرپوول یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و دوای 15 ساڵ لە ریال مەدریدی بردەوە.
سەرەتا لە خولەکی 52 ماک ئالیستەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانە ئینگلیزییەکە تۆمارکرد، دوای ئەوە کیلیان ئێمباپێ لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتووانی یارییەکە بۆ یانەی شاهانە یەکسانبکاتەوە.
لە خولەکی 70 محەممەد سەڵاح، بەهەمان شێوەی ئێمباپێ لێدانێکی سزای لەدەستدا و سەرکەوتوو نەبوو لە زیادکردنی ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەی لیڤەرپوولدا.
دوای شەش خولەک، لە لەدەستدانی ئەو هەلە لەلایەن سەڵاحەوە، کۆدی گاکپۆ، گۆڵی دووەمی خاوەن یاریگەی تۆمارکرد، لیڤەرپوول یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و پێنجەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا بەدەستهێنا و ریال مەدرید بۆ سێیەمجار لەم وەرزەی رکابەرییەکەدا دۆڕا.
دوای بردنەوەی ئەم یارییە لیڤەرپوول لە پێشەنگی ریزبەندی چامپیۆنزلیگە بە پێنج بردنەوەی لەسەریەک، ریال مەدرید چووە پلەی 24ـی ریزبەند و لە 5 یارییدا ئەمە جاری سێیەمە دەدۆڕێت و تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی " بە ئەمانەتێکی تەواوەوە پێموایە ئەنجامەکە دادپەروەرانە بوو و لیڤەرپوول شایستەی بردنەوە بوو، کاریگەرییەکی زۆرباشیان هەیە لەم ماوەیەدا و ئاستێکی نایاب پێشکێش دەکەن، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کار دەکەن و دەتوانن لە یاریگەدا پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و بە چڕییەکی بەرز یاری بکەن. لە نیوەی یەکەمدا ئاستێکی قبوڵکراومان پێشکێشکرد و یارمەتیدەر بوو بۆ سنووردارکردنی هێرشەکانیان و لە یاریگەدا بڵاوبوونەوەیان باشمان هەبوو، وەکو سیستمێک بەرگریمان دەکرد و هەوڵمان دەدات هەلیش دروستبکەین. هەروەها لە رووی گواستنەوەی تۆپ و کۆنتڕۆڵکردنی شێوازی یارییکردنیشەوە ئاستێکی قبوڵکراومان هەبوو، بەڵام ئێمە دوای ئەوە بە ئاسانی تۆپمان لەدەست دەدا، بڕیاری هەڵەمان دەدا کاتێک هەوڵمان دەدا هێرش ببەین، بڕیارەکان بەر لە لێدانی کۆتایی هەڵە بوو، بەڵام تاوەکو لەدەستدانی لێدانی سزا رکابەریمان کرد."
راهێنەری لۆس بلانکۆس زیاتر قسەیکرد و گوتی " پێموایە دەمانتوانی ئەنجامەکە لە رێگەی لێدانی سزاوە یەکسان بکەینەوە، چونکە تاوەکو ئەو ئاستە یارییەکی باشمان کرد، لەسەر ئەو بۆچوونەم دەمێنمەوە کە توانیمان رکابەرییەکی باشیان لەگەڵ بکەین."
لەبارەی خراپی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەدا ئەنچێلۆتی، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی " لە ژیانی وەرزشیمدا زۆرجار هاوشێوەی کیلیانم بەسەر هاتووە، پێموایە کاتێک هێرشبەریت پێویستە گۆڵ تۆماربکەیت بۆ ئەوەی متمانە بەدەستبهێنیت، زۆر بێهیوا دەبێت کاتێک سەرکەوتوو نابێت لە ئەنجامدانی کارەکە، پێموایە دەستنیشانکردنی واقعی ئەوەیە کە قۆناخێکی زەحمەتە بۆ ئەو، قۆناخێکی سەختە بۆ ئێمباپێ، چارەسەریش ئەوەیە دەبێت پشتگیری بکەین، دەبێت پشتگیری و خۆشەویستی پێبدەین، بەمزووانەش بەباشی دەگەڕێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ