ئەنچێلۆتی: نابێت بێڕێزی بە یاریزانانی ریال مەدرید بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رەتیکردەوە باسی داهاتووی خۆی بکات پێش ئەوەی رووبەڕووی ناپۆلی ببێتەوە، لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ.
 
کارلیتیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئێمە دەمانەوێت لە لووتکەی کۆمەڵەکەماندا بین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لەم قۆناخەدا کاری زۆر باشمان کردووە، دەمانەوێت یارییەکی گەورە ئەنجام بدەین، بەڵام بیر لە سەرکەوتنە تاکەکەسییەکان ناکەمەوە، هەرچەندە سەرسوڕهێنەرن، شانازییەکی گەورەیە کە هاوتای ئەفسانەیەکی وەک مونۆز بم".
 
هەروەها گوتی "قسەکردن لەسەر ئەو یاریزانانەی دوورکەوتوونەتەوە بێڕێزییە، چونکە ئەوانەی یاری دەکەن ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکەن کە ئێمە چاوەڕێمان نەدەکرد، ئێمە تیپێکی گەورەمان هەیە".
 
کاتێک پرسیار لەبارەی ئەگەری بوون بە راهێنەری بەرازیل یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لێکرا؟ لە وەڵامدا گوتی "باسی داهاتووی خۆم ناکەم".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، راهێنەری ئیتاڵی گوتی "واڵتەر مازاری هاوڕێیەکی ئازیزمە، گۆڕینی راهێنەر واتا پاڵنەرێکی زیاتر بۆ یاریزانەکان، ئەزموونەکەی دەتوانێت زۆر شت بۆ ناپۆلی زیاد بکات".
 
سەبارەت بە قسەکانی کارڤاخال، کە دەڵێت، ئەگەر بەدەست خۆی بووایە گرێبەستەکەی ئەنچێلۆتی نوێ دەکاتەوە؟ ئەنچێلۆتی گوتی "راست دەکات، داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی کارڤاخالم کردووە تاوەکو ساڵی 2030، بێگومان ئەوە گاڵتەیە دەیکەم، سوپاسی دەکەم بۆ وشەکانی، ئەو نموونەی جددیەتە".
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامۆژگاری ئەو بۆ چاڤیی راهێنەری بارسێلۆنا، کارلیتۆ  گوتی "هیچ، هەردووکمان تۆپی پێ بە باشی دەزانین، رەخنە تا راددەیەک ئاساییە، بەڵام ئەو ئەزموون و سەرچاوەی هەیە بۆ ئەوەی بە باشی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات".
 
سەبارەت بە خۆگونجاندنەکەی بێلینگهامیش گوتی "ئینگلیزەکان هەندێجار تووشی کێشە بوونە لە خۆگونجاندن لەگەڵ تۆپی پێی ئیسپانیا، بەڵام بێلینگهام یاریزانێکی پێگەیشتوو و نایاب و ناوازەیە کە خۆی لەگەڵ خولی هەر وڵاتێکی جیهان دەگونجێنێت".
 
سەبارەت بە کاریگەری گەڕانەوەی کێپا لەسەر لونین، راهێنەری مێرێنگێ گوتی "لونین لەم دواییانەدا زۆر باش یاری کردووە، و رکابەری لەگەڵ کێپا دەکات بۆ بەشداریکردن، ئێمە دوو گۆڵپارێزی ئاست بەرزمان هەیە".