شەش بەربژێری بەنێوبانگ بۆ راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد

 
روودو دیجیتاڵ

دوای دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ، لە راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر یونایتد، چەند راهێنەرێکی بەنێوبانگ بەربژێرن بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەی راگەیاند و بەشێوەیەکی کاتی رۆد ڤان نێستلرۆی، راهێنەری یانەکە دەبێت تاوەکو راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان دەکرێت.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ناوی 6 راهێنەر لەبەردەم کارگێڕیی یانەی مانچێستەر یونایتدە بۆ ئەوەی یەکێکیان وەکو راهێنەری داهاتووی یانەکە دەستنیشان بکرێت.
 
ئەو راهێنەرانەی مانچێستەر یونایتد بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵیان دەکاتەوە بەشێکیان ئێستا بێ کارن و بەشێکیشیان لە تیپی دیکە راهێنەرایەتی دەکەن.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا یەکێکە لە بەربژێرەکان و ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەکەوە بەستراوەتەوە، ئیدی هاو، راهێنەری ئێستای یانەی نیوکاسڵ، یەکێکە لەو راهێنەرانەی مانچێستەر یونایتد بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵی دەکاتەوە.
 
ماڵپەری مانچێستەر ئێڤنینگ نیوز دەڵێت "ئۆلێ گۆنار سۆڵشایەر، راهێنەری پێشووی یانەکە یەکێکە لەو راهێنەرانەی مانچێستەر یونایتد بیر لە گەڕاندنەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، لەکاتێکدا راهێنەرەکە ئێستا هیچ کارێکی دیکەی نییە."
 
رۆد ڤان نێسلترۆی، لە یاریی داهاتووی مانچێستەر یونایتد لە جامی ئینگلتەرا بەرامبەر یانەی لێستەر سیتی راهێنەری یانەکە دەبێت.
 
دوورخستنەوەی تێن هاگ، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و ریۆ فێردیناند، ئەستێرە و کاپتنی پێشوو یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت "سەیرێکی تیپی ئانوێس دەکەم و بیر لەوە دەکەمەوە کە لە کۆتایی وەرزدا چی روودەدات، دەمانتوانی باشتر مامەڵە بکەین، ئەو کەسەی دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکەش ئەرکی قورسە، لەکاتێکدا لەم بارودۆخەدا یانەکە وەردەگرێت.

 
فێردیناند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئاسان نییە ببینیت یانەیەکی گەورە لە قەبارەی مانچێستەر یونایتددا بەم دۆخەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەگەر راستگۆ بین، دەکرا ئانوێس بەشێوەیەکی باشتر مامەڵە بکات."

 
گاری نیڤێل، یاریزانی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد لەبارەی دوورخستنەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکەوە دەڵێت "ئاڵنگاریی ئەنجامەکان و ئاستی یانەکە وایکرد خاوەنەکانی یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی تێن هاگ بدەن، کەسانێک هەن پێیانوایە بریاری راست دراوە، بەڵام ملیۆنان هاندەری مانچێستەر یونایتد هەن دەیانویست لەژێر سەرپەرشتی تێن هاگ بەردەوامبن."

 
گاری زیاتر گوتی "ئەوەی زیاتر تووشی شۆکی کرد، خراپی گرێبەستەکانی یانەکە بوو، بوونی یانەکە لە پلەی چواردەیەمی ریزبەند قبوڵکراو نییە، هیوادار بووم بەشێوەیەکی زۆرباشتر کۆتایی پێبێت."

 
ئێریک تێن هاگ، 850 رۆژ راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد بوو، 128 یاریی وەکو راهێنەری یانەکە ئەنجامدا، 72 بردنەوەی تۆمارکرد، لە 20 یارییدا یەکسانبوو و 36 یاریی بەشێوەیەکی گشتی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا دۆڕاندووە.