تێن هاگ لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد دوورخرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئێریک تێن هاگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەکەی راگەیاند.
 
مانچێستەر یونایتد لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "ئێریک تێن هاگ، لە راهێنەری تیپی یەکەمی پیاوانی یانەی مانچێستەر یونایتد دوورخرایەوە."
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، تێن هاگ، لە نیسانی ساڵی 2022 بووە راهێنەری مانچێستەر یونایتد و لەگەڵ یانەکە جامی کاراباوی لە 2023 و جامی یەکێتی ئینگلتەرای لە 2024 بەدەستهێنا.
 
مانچێستەر یونایتد سوپاسی ئێریک دەکات و دەڵێت "سوپاسگوزاری ئێریکین بۆ هەموو ئەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ تیپەکەدا کردوویەتی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە داهاتوودا."
 
هەر بەپێی راگەیێنراوی یانە ئینگلیزییەکە، بەشێوەیەکی کاتی رۆد ڤان نێسلترۆی، یاریدەدەری ئێریک تێن هاگ راهێنەرایەتی یانەکە دەکات، تاوەکو راهێنەرێکی نوێ بۆ یانەکە دەستنیشان دەکرێت.
 
دوورخستنەوەی تێن هاگ لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد لە کاتێکدایە لە 9 گەڕی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە و 4 یاریی دۆڕاندووە، ئێستا لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری پێشووی یانەی بارسێلۆنا نزیکترین بەربژێرە بۆ ئەوەی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد وەربگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە