ئامەدسپۆر 10 یارییە نەدۆڕاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەد سپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی خاڵێکی گرنگی بەدەستهێنا و یانەکە لە 10 یاریی ئەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی خولی پلە دووی تورکیا و لە یارییەکانی کۆمەڵەی سووردا، یانەی ئامەد سپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئارناڤوتکۆی بەلەدیەسپۆر یارییکرد و هەردوو یانە بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک یەکسانبوون.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و یاریزانانی هەردوو تیپ لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە نیوەی دووەمدا، سەرەتا یانەی ئامەدسپۆری میوان لە خولەکی 67 لە رێگەی سەرکان ئۆداباشئۆگلۆوە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد خاوەن یاریگە لە خولەکی 73 لە رێگەی ئوموت ئایدنەوە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو ئەنجامە ماوەیە و هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانکبوون.
 
یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان، لە باشترین کاتەکانیدایە، لە 10 گەڕی رابردووی خولەکەدا، یانەکە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە 8 یارییدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 2 یارییدا یەکسانبووە.
 
یانە کەسک و سوورەکەی باکووری کوردستان ئێستا خاوەنی 26 خاڵە و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی سووری خولی پلە دووی تورکیای گرتووە و 4 خاڵ لە خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندەوە دوورە.