ئەمڕۆ کلاسیکۆیە.. هەموو شتێک لەبارەی یارییە مێژووییەکەوە

28-10-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریی کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جارێکی دیکە جیهان دەبێتەوە دوو بەش، جارێکی دیکە 90 خولەکی پڕ لە دوو دڵی و رارایی چاوەڕێی هاندەرانی تۆپی پێ دەکات، ئەمڕۆ کلاسیکۆیە و جارێکی دیکە بارسێلۆنا و ریال مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
کاژێر 17:15 لە یاریگەی مونجویک، یانەی بارسێلۆنا لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی لالیگا میوانداریی یانەی ریال مەدریدی رکابەری هەمیشەیی دەکات.
 
هەردوو یانە رۆژی شەممە دوایین مەشقەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ریال مەدرید جگە لە تیبۆ کۆرتوا، ئیدێر میلیتاو، ئاردا گولەر و دانی سێبایۆس، سەرجەم یاریزانەکانی دیکەی بۆ یاریی لووتکە و کلاسیکۆ ئامادەن، کارلۆ ئەنچێلۆتی دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە یانەی خیرۆنای رکابەری وەربگرێتەوە و لە بارسێلۆناش دووربکەوێتەوە.
 
لە بەرامبەر دوایین مەشقەکانی یانەی بارسێلۆنای خاوەن یاریگە بۆ یارییەکە هەواڵی خۆشی پێبوو، کاتێک هەریەکە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، فرێنکی دییۆنگ، رافینیا، پێدری و کۆندێ بەشدارییان لە مەشقەکانی یانەکەدا کرد، بەڵام بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، پێدری و کۆندێ ئامادەی یارییەکە نابن و ئەوانەی بۆ یارییکردن ئامادەن.
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، لیستی یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا بۆ یارییەکە یەکلانەکراوەتەوە و ئەمڕۆ چاڤی و دەستەی پزیشکی یانەکە دوایین هەڵسەنگاندن بۆ یاریزانەکان دەکەن و ئەو یاریزانانە دەستنیشاندەکەن کە بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەن.

 

 
ئامارەکانی کلاسیکۆ
 
لە مێژووی یارییەکانی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 296 یاری ئەنجامدراون، یانەی بارسێلۆنا باڵادەستە، 124 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ریال مەدرید خاوەنی 108 سەرکەوتنە و 64 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.
 
لەو هەموو یارییەی نێوان بلاوگرانا و لۆس بلانکۆس، یاریزانانی بارسا 519 گۆڵیان بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە و یاریزانانی یانەی شاهانە 479 گۆڵیان تۆمارکردووە.
 
لەسەر ئاستی لالیگا، هەردوو یانە 186 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ریال مەدرید خاوەنی 77 بردنەوەیە و بارسێلۆنا 74 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 35 یاریی نێوان هەردوو یانەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون.

 
گۆڵکاری کلاسیکۆ
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی بارسێلۆنا، گۆڵکاری مێژووی کلاسیکۆی نێوان هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیایە، 26 گۆڵی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە، 18 لەو گۆڵانەی لە رکابەرییەکانی لالیگا بووە، هەریەکە لە ئەلفرێدۆ دێستیفانۆ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانی کلاسیکۆن.
 
سێرخیۆ بۆسکێس، کاپتنی پێشووی بارسێلۆناش زۆرترین یاریی کلاسیکۆی ئەنجامداوە بە ئەنجامدانی 48 یاری، مێسی و سێرخیۆ رامۆس لە پلەی دووەمن بە ئەنجامدانی 45 یاری.

 
ئامارەکانی چاڤی و ئەنچێلۆتی
 
رکابەریی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید، رکابەریی دوو راهێنەر دەبێت کە شێوازی کارکردن و یارییکردنیان تەواو لە یەکدییەوە جیاوازە، کارلۆ ئەنچێلۆتی، بە ئەزموونێکی گەورە و ئارامییەکی زۆرەوە، چاڤی هێرناندێز، بە تەمەنێکی لاو و بیرۆکەی نوێوە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەنچێلۆتی 19 یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا ئەنجامداوە، 7 جار سەرکەوتنی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستهێناوە، لە 3 یارییدا یەکسانبووە و 9 یارییشی دۆڕاندووە.
 
چاڤی هێرناندێز، وەک راهێنەر 7 یاریی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ئەنجامداوە، هەموو یارییەکانی بەرامبەر کارلۆ ئەنچێلۆتی بووە، 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە 3 یارییدا دۆڕاندووە و هیچ یارییەکیان بەیەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە.

 

 
ئامارەکانی دیکە
 
* کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکەم یاریزانە لە مێژووی کلاسیکۆدا لە 6 یاریی بەدوای یەکدا گۆڵی تۆمارکردبێت، کە 7 گۆڵی لەو 6 یارییەدا تۆمارکردووە.
 
* درێژترین مەودای سەرکەوتنی بەدوای یەک لە کلاسیکۆدا، لەلایەن بارسێلۆنا بووە، لە مانگی 12ـی 2008 تاوەکو نیسانی 2011، لەو ماوەیەدا بارسا 5 یاریی لەسەریەکی لە ریال مەدرید بردەوە.
 
* درێژترین مەودای یارییکردنی ریال مەدرید لە کلاسیکۆدا بەبێ ئەوەی بدۆڕێت، لەنێوان ئاداری 2001 بۆ نیسانی هەمان ساڵ بووە، لەو مەودایەدا هەردوو یانە 8 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامدا و ریال مەدرید هیچ یارییەکی نەدۆڕاند.
 
* درێژترین مەودای یارییکردن لە کلاسیکۆدا بەبێ دۆڕان، هەر بۆ بارسێلۆنا بووە، دوو جار یانەکە 7 یاریی لەسەریەکی بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی بدۆرێت، یەکەمیان لە نیسانی 2011 تاوەکو نیسانی 2012 بوو، دووەمیان لە مانگی 12ـی 2017 تاوەکو ئاداری 2020 بوو.
 
* زۆرترین یاریی نێوانیان کە بەدوای یەکدا بەیەکسانبوون کۆتاییهاتبێت، ژمارەیان سێ یارییە، لە نێوان مانگی 5ـی 2002 بۆ مانگی 12ـی 2003.
 
* زۆرترین یاریی کلاسیکۆ کە بەدوای یەکدا گۆڵی تێدا کرابێت، ژمارەیان 18 یارییە لەسەریەک، لەنێوان مانگی 5ـی 2011 تاوەکو مانگی 11ـی 2018، لە 18 یاریی بەدوای یەکدا لە کلاسیکۆدا گۆڵ تۆمارکراوە.
 
* زۆرترین یاریی کلاسیکۆ کە یانەیەک بەدوای یەکدا گۆڵی تۆمارکردبێت، لەلایەن بارسێلۆنا بووە، لە نێوان مانگی 4ـی 2011 تاوەکو مانگی 8ـی 2017 بارسێلۆنا لە 24 یاریی لەسەریەک لە کلاسیکۆدا گۆڵی تۆمارکرد.
 
* خێراترین گۆڵ لە کلاسیکۆدا تۆمارکرابێت، لەلایەن کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و پێشووی یانەی ریال مەدرید بووە، لە 10-12-2011 کاتێک لە دوای تەنیا 21 چرکە گۆڵی لە یانەی بارسێلۆنا تۆمارکرد.
 
* سێرخیۆ رامۆس یەکەم بەرگریکارە، لە مێژووی کلاسیکۆدا 5 گۆڵی تۆمارکردبێت.

 
ئەستێرەکانی ئەمڕۆ
 
دوو یاریزان بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ لەنێوان هەردوو یانەدا سەرچاوەی مەترسی دەبن، لە بارسێلۆنا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، کە لە پێکان گەڕاوەتەوە و لە ریال مەدریدیش جود بێلینگهام، کە ئەمیان لە باشترین کاتەکانی یارییکردنیدایە.
 
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەم وەرزەی لالیگادا، 8 یارییکردووە، 161 خولەک بەشدارییکردووە، 17 لێدانی بەشێوەیەکی گشتی هەبووە، خاوەنی 5 گۆڵ و 3 ئاسیستە.
 
جود بێلینگهام لەم وەرزەی لالیگادا، 9 یارییکردووە، 767 خولەک بەشدارییکردووە، 17 لێدانی هەبووە، خاوەنی 8 گۆڵ و 2 ئاسیستە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە