لێدوانی ئەنچیلۆتی لەبارەی دوورخستنەوەی کۆمان

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوو خاڵی لە یاریگەی خۆیدا لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی کاتی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە.

لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی لالیگادا، ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی ئۆساسۆنای کرد، سەرەڕای ئەوەی یانەی شاهانە بەدرێژایی یارییەکە گوشاری دروستدەکرد بۆ ئەوەی گۆڵ تۆماربکات، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجامبوو و یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و لۆس بلانکۆس لە یاریگەی خۆیدا دوو خاڵی لەدەستدا.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید دوای یارییەکە لەبارەی ئەوەی کە لێدانی سزا بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر هەژمارنەکرا گوتی " بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، تەنیا شتێک کە من بینیم ئەوەبوو کە ڤینیسیۆس داوای لە ناوبژیوان کرد بگەڕێتەوە بۆ ڤار، بەڵام نازانم بۆ نەگەڕایەوە بۆ سەیرکردنەوەی دیمەنەکە."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەڵێت " سێ یارییە لە یاریگەی خۆمان نەبردووەتەوە، لە دوو یارییدا شایستەی بردنەوەبووین، بەڵام ئەم یارییە قورس بوو."
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی باس لە دوورخستنەوەی رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "من چەند جارێک لادراوم و هێشتا زیندووم، لێرەم، ئەمە بەشێکە لە کارەکە، رۆژێک دوای دوورخستنەوەت، تەنیا پێویستە سەیری پێشەوە بکەیت، وابزانم کۆمان هەموو شتێک دەکات کە لە توانایدا بێت."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر ئۆساسۆنا و بڕیارەکانی ناوبژیوان زیاتر گوتی " ئەو کاتەی ناوبژیوان بۆ یارییەکە زیادیکرد زۆر کەمبوو، کە دوای یارییەکە چوومە لای ناوبژیوان داوای روونکردنەوەم لێیکرد، بەڵام متمانەی بۆ دروستنەکردم."
 
کارلۆ دەڵێت " رەنگە ئێوە من بە شێت ببینن، بەڵام من تیپەکەم زۆر خۆشدەوێت، لە نیوەی دووەمدا زۆرباشبووین و پێویستە لەسەرە بەرەوپێشچوون بەردەوامبین.
 
ریال مەدرید ئێستا لە دوای 10 گەڕ خاوەنی 21 خاڵە و بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی ئۆساسۆناش لە پلەی شەشەمە بە 19 خاڵ.