کۆمان دوورخرایەوە، کێ دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا؟

28-10-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆناڵد کۆمان بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە.
 
 یانەی بارسێلۆنا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی هەواڵی دوورخستنەوەی راهێنەرە هۆڵەندییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی " خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە دوای دۆڕانیان بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەری یانەکەیدا."
 
بەپێی راگەیێندراوی یانەی بارسیلۆنا " کۆمان لە راهێنەرایەتیکردنی تیپی یەکەمی تۆپی پێی یانەکە دوورخرایەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات."
 
لە بەرامبەر ئەو ماوەیەی وەک راهێنەری یانەکە کاریکردووە، بارسێلۆنا سوپاسی رۆناڵد کۆمان دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە کاروانی پیشەگەری کارکردنیدا.
 
رۆناڵد کۆمانی تەمەن 58 ساڵ کە پێشتر وەک یاریزانیش لە بارسێلۆنا کاریکردووە، لە 19ـی ئابی 2020 وەک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەستنیشانکرا، لە 67 یاریی ئەو یانەیەدا 39 بردنەوە، 12 یەکسانبوون و 16 دۆڕانی هەبوو، رێژەی سەرکەوتنی 58.21٪ بووە.
 
لەم وەرزەی لالیگادا تیپەکەی بە بارودۆخێکی خراپدا تێدەپەڕی و تاوەکو ئێستا لە کۆی 10 یاری، بارسێلۆنا تەنیا 4 بردنەوەی هەیە و لە سێ یارییدا دۆڕاوە و لە سێ یارییشدا یەکسانبووە، دوایین دۆڕانیشی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بوو بە گۆڵێکی بێبەرامبەر.
 
دوای دوورخستنەوەی کۆمان لە راهێنەرایەتی بارسێلۆنا، راستەوخۆ پرسی پڕکردنەوەی جێگەی ئەو راهێنەرە دەبێتە پرسێکی گەرم و گرنگ لە یانەکەدا و هاندەرانیش چاوەڕێن بۆ ئەوەی راهێنەرێک بۆ یانەکە دابنرێت بتوانێت ئەنجامەکانی یانەکە بەرەو باشی ببات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، نزیکترین بەربژێر بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز، ئەستێرەی پێشووی یانەکە و راهێنەری یانەی سەدی قەتەرییە، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆش نووسیوویەتی " وەرگرتنی راهێنەرایەتی بلاوگرانا لەلایەن چاڤییەوە تەنیا پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە، دەنا هەموو شتێک یەکلابووەتەوە."
 
لە سێ یاریی داهاتووی یانەکەدا، سێرخی بارخوان، راهێنەری تیپی دووەمی یانەی بارسێلۆنا، بەشێوەیەکی کاتی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا دەکات، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکانیش چاڤی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەردەگرێت و کارەکەی دەستپێدەکات، ئەمە میدیای ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەک خوان لاپۆرتا بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول و ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی ئایاکس دەکاتەوە، بەڵام زەحمەتە لەم کاتەدا هەردوو یانە دەستبەرداری راهێنەرەکانیان ببن.
 
چاڤی هێرناندێز، لەساڵی 2019ـەوە راهێنەری یانەی سەدی قەتەرییە، لە 95 یارییدا لەگەڵ ئەو یانەیە 63 بردنەوە، 15 یەکسانبوون و 17 دۆڕانی هەبووە و رێژەی بردنەوەکانی 66.32٪ بووە.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لەگەڵ یانەکە نازناوێکی خولی قەتەر، نازناوێکی جامی قەتەر، نازناوێکی جامی سوپەری قەتەر، نازناوێکی جامی ئەمیری قەتەر و نازناوێکی جامی ئەستێرەکانی قەتەری بردووەتەوە و لەم وەرزەی خولی قەتەریشدا تیپەکەی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و لە 7 یارییدا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و خاوەنی 21 خاڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە