چاڤی: هیچ وەڵامێکم بۆ ریال مەدرید نییە

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، پێش ئەوەی رووبەڕووی یانەی سێڤییا ببێتەوە، لە گەڕی هەشتەمی خولی ئیسپانیا، باسی زۆر بابەتی کرد و گوتی "هیچ وەڵامێکم بۆ ریال مەدرید نییە". هەروەها گوتیشی "لامین وەک مێسییە".
 
سەبارەت بە تۆمەتی بەرتیلدان لەلایەن بارسێلۆنا لە دۆسیەی نێگریرا، پرسیار لە چاڤی کرا؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی "هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە نییە، کاتێکی کەمم هەیە بۆ شیکردنەوەی ئەوەی لە دوایین یارییدا روویدا، و بۆ ئەنجامدانی ئامادەکارییەکی جددی بۆ یارییەکەی بەرامبەر سێڤییا".
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی سێڤییادا، راهێنەری بارسا گوتی "ئەو پرسە هەمیشە لە میدیاکانەوە دەوروژێنرێت، هەر هەفتەیەک یان 15 رۆژ چیرۆکێکی نوێ دەخوێنینەوە، بۆیە خۆمی پێ سەرقاڵ ناکەم، تۆمارەکانی ئەرشیفیش لە رۆژنامەکاندا هەن. پێموانییە بارسێلۆنا سوودی لە ناوبژیوانی وەرگرتبێت".
 
چاڤی درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی "هیچ بۆچوونێکم نییە لەسەر ئەوەی لە کەناڵی ریال مەدرید دەگوترێ، ئێمە بارسێلۆناین".
 
کەناڵی ریال مەدرید، راپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا هێرشی کردبووە سەر ناوبژیوانییەکە، و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەشێک لە ناوبژیوانەکان بەشێکن لە "قەیرانی بەنێوبانگی نێگریرا"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەندەڵی دژی تیپی شاهانە و کارکردن لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا.
 
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا، چاڤی گوتی "ئێمە بەدوای ئەوەداین سەرکەوتن و ئاستێکی باش بەدەستبهێنینەوە، و بگەینەوە لووتکەی لالیگا لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی یارییەکانی رۆژی شەممە دەکەین، بەڵام رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، بەو پێیەی تیپێکی بەهێز و تۆکمەیە، پاڵەوانی خولی یۆرۆپالیگە و لەلایەن راهێنەرێکی جیاوازەوە سەرپەرشتی دەکرێت".
 
راهێنەری بارسا لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "لە دوایین یاریی بەرامبەر مایۆرکا، ئارامی و وردبوونەوەمان نەبوو، بەئاسانی تۆپەکەمان لەدەستدەدا، هەروەها شەڕانگێز نەبووین لە گوشار دروستکردن بۆ وەرگرتنەوەی تۆپەکە، بەڵام ئەمە دەکرێت، چونکە هەمیشە شتەکان بە نموونەیی نامێننەوە. دۆخی ئێستای تیپەکە خراپ نییە، وەرزی رابردوو لە رووی بەرگرییەوە بەهێز بووین، و دەبێت ئەم جیاوازییە بەدەستبهێنینەوە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر نازناوەکان بکەین".
 
جەختیشی لەوە کردەوە "رێز لە رەخنەکان دەگرم، بەڵام لەگەڵ زۆربەیاندا نیم، بەپشتبەستن بە بابەتە ناوخۆییەکانی ناو تیپەکە بابەتەکان شی دەکەمەوە، و کاتەکانم بەفیڕۆ نادەم بە گرنگیدان بە بابەتە دەرەکییەکان".
 
چاڤی باسی لە یاریزانە لاوەکەی لامین یامال کرد و ئاماژەی بەوەکرد "یامال یاریزانێکی گەنجە، تەمەنی 16 ساڵە، ئەمەش پێوەرێکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت، بیرۆکەی تۆپی پێ تەنیا پەیوەست نییە بە هێشتنەوەی تۆپ و بڕینی یاریزانان. بەڵکو دەبێت بیپارێزین بە کەمکردنەوەی گوشاری جەستەیی لەسەری، ئەو یاریزانێکی تایبەت و بەتوانایە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت ەبو یاریزانە لاوە، راهێنەری بارسا گوتی "مامەڵەی فرانک رێکارد لەگەڵ لیۆ مێسی کاتێک سەرکەوت بۆ تیپی یەکەم نموونەیەکی باشە، بۆیە دەبێت بەوردی مامەڵە لەگەڵ لامین یامال بکەین سەبارەت بە رێژەی بەشداریکردنی لە یارییەکان و باری جەستەیی، بەڵام یاریزانێکی بەسوودە، و دەتوانێت زۆر یارمەتیمان بدات".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانێکی لێهاتوو و پاراستنی گرنگە، وەک ئەوەی لەسەر مێسی و عوسمان دێمبلی روویدا، من بۆ لامین یامال ناترسم کاتێک رووبەڕووی خیسۆس ناڤاس و سێرخیۆ رامۆس دەبێتەوە، شەڕانگێزی جەستەیی نیگەرانم ناکات".
 
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "رەچاوکردنی سیاسەتی یاریکردن بە نۆرە زۆر گرنگە، بۆ پاراستنی یاریزانان لە پێکان، کە لە ئەنجامی گوشاری یارییەکانەوە دروست دەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی هەر یاریزانێک هەست بە رۆڵ و گرنگی خۆی بکات لەنێو تیپەکەدا".
 
چاڤی لە کۆتایی قسەکانیدا بە ستایشێکی زۆرەوە گوتی "هەموو پێزانینێکم بۆ تیپی خیرۆنا هەیە، پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە شتێکی نامۆ و سوپرایز نییە، بەڵکو لە ئەنجامی کارە بەرزەکانی میشێلی راهێنەرەکەیانەوەیە، هەروەها پڕۆژەیەکی وەرزشییە کە ساڵانێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە".