ڤیدیۆ؛ مێسی یاریی نەکرد و ئینتەرمەیامی نازناوێکی لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی نازناوی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکای لەدەستدا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر یانەی هیوستن دینامۆ دۆڕا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانە لە یاریگەی ئینتەرمەیامی رووبەڕووی یەکبوونەوە، کاژێرێک بەر لە یارییەکە مەیامی هەواڵێکی ناخۆشی دایە هاندەرانی کاتێک رایگەیاند، لیۆنێل مێسی بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
 
یارییەکە دەستیپێکرد، یانەی میوان یارییەکی باشی ئەنجامدا، لە خولەکی 24 گریفین دۆرسێی بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی هیوستن تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
 
لە خولەکی 33 لێدانێکی سزا بۆ یانەی میوان هەژمارکرا، ئەمین باسی، یاریزانی مەغریبی سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و بۆ جاری دووەم تۆڕی یانەی ئینتەرمەیامیی هەژاند.
 
نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی میوانەکان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا ئینتەرمەیامی چەندجارێک هەوڵیدەدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام ئەنجامی هەوڵەکانیان گۆڵێک بوو کە لە خولەکی 92 لەلایەن خۆسی مارتینێزەوە تۆمارکرا و کاتەکەی زۆر درەنگ بوو.
 
یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی یانەی هیوستن کۆتاییهات، ئینتەرمەیامی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا دۆڕا و نەیتوانی دووەم نازناو لە مێژوویدا بەدەستبهێنێت و لەنێو یاریگەی مەیامی ئاهەنگی بردنەوەی نازناوەکەی گێڕا.
 
دوای یارییەکە تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی لەبارەی یاریی نەکردنی مێسییەوە گوتی "نەماندەتوانی سەرکێشی بە لیۆ بکەین، بەڵام بەر لەوەی وەرز کۆتاییبێت جارێکی دیکە لە یاریگەدا دەیبینینەوە."