لە بارزان خولی تۆپی پێی بارزانی نەمر بەڕێوەچوو
رووداو هەولێر
لە دەڤەری بارزان خولێکی 6 یاریزانی بۆ تیپە میللیەکان بەڕێوەچوو، ژمارەیەک یاریزانی بەهرەمەندی نوێش لە خولەکەدا دەرکەوتن.
ئەم خولە شەش یاریزانییە ساڵانە لە دەڤەری بارزان سازدەکرێت و تیپە میللیەکانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن، ئەمساڵ خولەکە بە بەشداری 64 تیپ بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەردەوامبوو.
یەعقوب حەسکۆ، سەرپەرشتیاری گشتی خولی بارزانی نەمر لە دەڤەری بارزان بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەمساڵ یارییەکان بەهێز و گڕوتینێکی زۆری یاریزانان و تیپە بەشدارەکانی تێدا بیندرا، ئەوەی جێگای دڵخۆشی ئێمە بوو ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بوو لە یاریگای شارۆچکەی بارزان لە کاتی یارییەکاندا".
یاریی کۆتایی رکابەرییەکە لە نێوان تیپی شانیکای سۆران و تیپی دیاری کەلەک بوو، تیپی شانیکای سۆران دوای بردنەوەی یارییەکە بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرامبەر نازناوی خولەکەی بەرزکردەوە.
حەسکۆ زیاتر گوتی "چەند یاریزانێکی ئاستبەرزی یانەکان یارییان لە خولەکەدا دەکرد و چەند بەهرەمەندێکی دیکەش وەک یاریزانی لاو لە خولەکەدا دەرکەوتن کە جێگای دڵخۆشیمان بوو، ئێمە بەشێوەیەکی فەرمی سەرۆکی یانەی هەڵۆ و شیلادزێ کە لە سنوری ئێمە نزیکن ئاگادارمان کردنەوە کە دەتوانن بێن لە یارییەکان ئامادەبن بۆ دۆزینەوەی یاریزانە ئاستبەرزەکان".
لە خولی بارزانی نەمر لە دەڤەری بارزان 64 یاری ئەنجامدران، 342 گۆڵ تۆمارکرا، هەڵمەت سەعید لە تیپی شانیکای سۆران بە تۆمارکردنی 16 گۆڵ گۆڵکاری خولەکە بوو.