پۆچێتینۆ: کێشەیەک لە نێوان نەیمار و ئێمباپێدا روویداوە

28-09-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن ماورێسیۆ پۆچێتینۆ كیلیان ئێمباپێ نەیمار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پێیوایە یارییەکەیان لەگەڵ مانچێستەر سیتی یاری یاریزانەکانە نەک راهێنەرەکان، دەشڵێت "مێسی و ڤێراتی بە باشی مەشقیان کردووە و بۆ یارییەکە ئامادەن".
 
ئەمشەو لە گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا، لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا، یانەی پاریس سانجێرمان کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی مانچێستەر سیتی دەکات.
 
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بە پەسندانی راهێنەری مان سیتی دەستیپێکرد و گوتی "گواردیۆلا باشترین راهێنەری جیهانە، بەڵام پاریس تیپێکە لەژێر بونیاتناندایە و دەیەوێ ببێتە باشترینی ئەوروپا، ئەم کارەش پێویستی بە ئارامگرتن و کات و وەبەرهێنانی تایبەت هەیە لە یانەکەدا کە تەنیا 50 ساڵە دامەزراوە، بەڵام مان سیتی هەنگاوێک لەپێش پاریسەوەبووە لەو رووەوە".
 
راهێنەرە ئەرجەنتینییەکەی یانەی پاریسی، لە بەردەوامی قسەکانیدا، سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر یانە ئینگلیزییەکە، گوتی "لە تۆپی پێدا هەموو شتێک روودەدات، هەوڵدەدەین خاڵی لاوازی تیپی مان سیتی بقۆزینەوە و خاڵی بەهێزی خۆمان بەهێزتر بکەین".
 
ئەو گوتیشی "من وایدەبینم ئەم یارییانە زیاتر یاریی یاریزانەکانە نەک راهێنەرەکان، مان سیتی وەک ئێمە خەون بە خولی یانە پاڵەوانەکانەوە دەبینێت، ئەمە خەونە و هیچ خەونێکیش نابێتە ئەرک لەسەر کەس، چونکە 15 تیپ هەن لە توانایاندا هەیە نازناوەکە ببەنەوە،  ناشتوانم بڵێم ئەم یارییە تاقیکردنەوەی راستەقینەیە بۆ ئێمە، چونکە هەموو یارییەکانمان قورسبوون".
 
پۆچێتینۆ باسی دۆخی ایریزانە پێکراوەکانیشی کرد و گوتی "مێسی و ڤێراتی بە باشی مەشقیان کردووە، بەڵام هێشتا من پێکهاتەی سەرەکیم یەکلانەکردووەتەوە و بۆ هەر یەکێک هەیە کە ناوی بچێتە پێکهاتەی سەرەکییەوە".
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان، باسی ناکۆکی نێوان نەیمار و ئێماپێشی کرد و دانی بەوەدا نا کە کێشەیەک لە نێوانیاندا هەبووە و روونیکردەوە "ئەوان دوو یاریزانن کە دەیانەوێ گۆڵ بکەن و زۆریش باشن، لەدوای رووداوەکەی دوایین یاری قسەم لەگەڵ هەردووکیان کردووە و ئەو شتانە روودەدەن، لە دوایین مەشقیشدا بەیەکەوە پێدەکەنین و کێشەیان نەبوو، ئەوەی روویدا کێشەیەکی بچووک بووە و گرنگ نییە، هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵدایە". 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە