یۆفا سکاڵایەکەی لە دژی ریال مەدرید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس کشاندەوە

28-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سوپەرلیگ یۆفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، سکاڵایەکەی لە دژی ئەو یانانە کێشایەوە کە پڕۆژەی ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی نوێیان بە ناوی سوپەرلیگ هەیە.
 
بەرپرسانی هەرسێ یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی لەگەڵ یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی سوورن لەسەر ئەوەی کە تۆپی پێی ئەوروپا، پێویستی بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی نوێیە بۆ ئەوەی هاوکاری بۆژانەوەی ئابووری یانەکان بکات، سەرەڕای ئەوەی کە هاوبەشەکانیان لەو بیرۆکەیە کشاونەتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا چەندینجار دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی لەو جۆرە راگەیاندووە و بەو هۆیەشەوە، ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە رایگەیاندبوو، کەو ئەو یانانە سزادەدرێن کە دەیانەوێت تۆپی پێی ئەوروپا دابەشبکەن و سکاڵاش لە دژی ئەو سێ یانەیە تۆمارکرا، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ رێکارێک لە دژی هەرسێ یانەکە بگیرێتەبەر یۆفا سکاڵایەکەی کشاندەوە و هیچ سزایەکی ئەو یانانە نادرێت.
 
یۆفا بە دادگای بازرگانیی مەدریدی راگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە دژی یانەکانی بارسێلۆنا، یوڤێنتوس و ریال مەدرید نەکات.
 
هەر لەگەڵ راگەیاندنی بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، یۆفا دژایەتی بیرۆکەکەی کرد و گوتی" ناکرێت بتەوێت پاڵەوانێتییەکی دیکە ئەنجامبدەیت و بەشداری لە چامپیۆنزلیگیشدا بکەیت."، بۆیە ئەگەر ئەو یانانە ئەو بیرۆکەیە جێبەجێبکەن، لە چامپیۆنزلیگ دووردەخرێنەوە، بەڵام نە بیرۆکەکە جێبەجێ بوو نە یانەکانیش لە چامپیۆنزلیگ دوورخرانەوە.
 
جگە لە یانەکانی بارسێلۆنا، ریال مەدرید و یوڤێنتوس شەش یانەی ئینگلیزی، یانەیەکی دیکەی ئیسپانی و دوو یانەی ئیتاڵیش لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا بوون، کە یانەکانی ئارسیناڵ، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول، چێڵسی، تۆتێنهام، ئەیسی میلان، ئینتەرمیلان و ئاتلێتیکۆ مەدرید بوون، بەڵام ئەم یانانە لە بیرۆکەکە کشانەوە.
 
ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی یۆفا چەند رۆژێک لەمەوبەر هێرشیکردەوە سەر فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و رایگەیاند، "ئەو سکاڵای ئەوەی هەبوو کە ئەگەر سوپەرلیگ نەبێت ناتوانێت هیچ یاریزانێک بگوازێتەوە، کەچی بەرامبەر 180 ملیۆن یۆرۆ ئامادەبوو گرێبەست لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە