چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە.. چەکە بەهێزەکانی پۆچێتینۆ یانیش فەلسەفەی گواردیۆلا؟

 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوانییەکان کۆتاییدێن، جیهان بینەری ئەو یارییە دەبێت کە چەند مانگێکە هەمووان چاوەڕێی دەکەن، هەمووان چاوەڕێی دەکەوتنی پاریس سانجێرمانێکی بەهێز لە چامپیۆنزلیگدا دەکەن.
 
ئەمشەو لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاژێر 22:00 یانەی پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا لەگەڵ کلەب برووج یەکسانبوو، تاقیکردنەوە گەورە و راستەقینەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئەنجامدەدات، لیۆنێل مێسی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا بەتەواوی راهێنانی کردووە و بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت ماوریسیۆ پۆچێتینۆ بە سیانەی مەترسیدار، مێسی، نەیمار و ئێمباپێ بچێتە نێو ئەم رکابەرییە بەهێز و ئاڵۆزە.
 
بۆ ئەم یارییە پۆچێتینۆ چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا دەکات، جیانلویجی دۆنارووما، نونۆ مێندێش، گەڕانەوەی مێسی و مارکۆ ڤیراتی، بەپێی میدیای فەرەنسا گۆڕانکارییەکانی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە دەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیپە بەهێزەکەی ئینگلتەرا.
 
مێسی هێشتا بەدرێسی پاریسەوە دەرگای گۆڵکردنی نەکردووەتەوە، هاندەران لە پارک دی پرێنس چاویان لە قاچەکانی لیۆیە، بۆ ئەوەی هاوکاری یانەکە بکات ئەو کاروانە بەهێزەی لە خولی فەرەنسادا دەستیپێکردووە، لە چامپیۆنزلیگیشدا بکەوێتە رێ.
 
لە بەرامبەر هەرچەند گواردیۆلا دەڵێت " نازانم دەبێت چی بکەم بۆ راگرتنی پاریس سانجێرمان، بەڵام مانچێستەر سیتی هەمیشە تیپێکی مەترسیدار و بەهێزە، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش پێناچێت هێندە پاروویەکی ئاسان بێت لە بەردەم یانە فەرەنسییەکەدا.
 
بردنەوە لە چێڵسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە پرێمەرلیگ، ورەیەکی بەرزتر دەداتە پێکهاتەی گواردیۆلا و متمانەی نێو تیپەکەش زیاتر و زیاتر دەکات، بەتایبەتیش کە دوای ئەم یارییەش رووبەڕووی لیڤەرپوول دەبنەوە.
 
مانچێستەر سیتی وەرزی رابردوو پاریس سانجێرمانی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ کردە دەرەوە، ئەنجامی یارییەکە بۆ پاریسییەکان گرنگییەکی زیاتری دەبێت، بەتایبەت ئەوان هەم بۆ تۆڵەکردنەوە یارییدەکەن و هەمیشە نایانەوێت لە یاریگەی خۆیاندا تووشی دۆڕان ببن.
 
گواردیۆلا و مێسی جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، چەکە بەهێزەکانی پۆچێتینۆ یانیش فەلسەفەی یارییکردنی گواردیۆلا ئەنجامی یارییەکە یەکلادەکەنەوە.