رووداو دیجیتاڵ
ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ لە دوا ساتەکانی نزیکدەبێتەوە و پێدەچێ ئەو تیک تاکەی میدیای ئیسپانیا بەدرێژایی هاوینی ئەمساڵ بۆ هاتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدریدیان ژەنی، لە تیک تاک کردن بەردەوام بێت و جارێکی دیکە دەنگی نزم ببێتەوە، بەئومێدی ئەوەی هاوینی داهاتوو هەرزوو دەنگەکەی بەرز بێتەوە.
چیرۆکی ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان، جارێکی دیکە لە هاوینی ئەمساڵدا سەریهەڵدایەوە، ئەوەی ئەمجارە گۆمە مەنگەکەی پەیوەندیی ئەو ئەستێرەیەی بە پاریس سانجێرمانەوە شڵەقاند، هەر کیلیان خۆی بوو کاتێک رایگەیاند ئەمساڵ دوا ساڵی دەبێت لەگەڵ پاڵەوانی فەرەنسا و هاوینی داهاتوو لە یانەکە دەڕوات.
وەکئەوەی پێشبینی دەکرا، سانجێرمان هەرزوو بە بڕیارەکەی کیلیان تاسا و پەرچەکرداری تووندی بەرامبەر ئەو یاریزانە هەبوو کە سەریکێشا بۆ دوورخستنەوەی لە گەشتەکانی یانەکە و پاشان لە مەشقەکانی تیپی یەکەم، بەرلەوەی لە ناکاو ئەو یاریزانە بگەڕێتەوە و لە ئاسۆشدا دیار نەبێت، ئاخۆ لە هاوینی ئەمساڵدا لە یانەکە دەڕوات یان دەمێنێتەوە.
لایەنێکی گرنگی باسوخواسەکە، ریال مەدریدی ئیسپانی بوو کە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ لێدوان و جووڵەیەکی بەئاراستەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ نەنا، پاشئەوەی پاریس سانجێرمان بەو یاریزانەیان گوت کە ئەگەر گرێبەستەکەی نوێنەکاتەوە، لەبری هاوینی داهاتوو، دەبێ هاوینی ئەمساڵ بەرامبەر بڕێک پارە، لە یانەکە بچێتە دەرەوە.
لە دوا ساتەکانی ماوەی گواستنەوەدا، ئەو سیناریۆیەی باڵی بەسەر کۆی چیرۆکەکەدا کێشاوە، پێماندەڵێ کیلیان لەگەڵ سانجێرمان بەردەوام دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە رێکەوتنی نێوان ئەو و یانەکەی بۆ هاوینی داهاتوو بەچ ئاراستەیەکە.
میدیای فەرەنسا کە بەردەوامن لە دزەپێکردنی ئەو رووداوانەی لە پشتی پەردەوە لە هاوینی ئەمساڵدا لەو چیرۆکەدا روویانداوە دەڵێن، ئێمباپێ لەگەڵ سانجێرمان بەردەوام دەبێت و ئەوە یەکلابووەتەوە کە کیلیان هاوینی ئەمساڵ یانەکە بەجێناهێڵێت. لە بەرامبەر میدیای ئیسپانیا دەڵێن ریال مەدرید بەدرێژایی رۆژەکانی هاوینی ئەمساڵ نەیویستووە و نیازی نەبووە لەو یاریزانە بچێتە پێشەوە، بەڵکو هەموو کارەکەی بۆ هاوینی داهاتوو هەڵگرتووە، تاوەکو بەخۆڕایی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
لە نێوان قسەی میدیای فەرەنسا و قسەی میدیای ئیسپانیادا، پێویستییەکانی ریال مەدرید بۆ هێنانی هێرشبەرێکی لێهاتوو، جارێکی دیکە گومان دەخەنەوە سەر بێدەنگییەکانی یانەکە.. ریال مەدرید کەریم بنزیمای لەدەستداوە و کەسی نەکردووەتەوە جێگرەوەی.. ژمارە نۆیەکەی کەریم لە رەفەی ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا بێکەس ماوەتەوە و هەمووان هەمان پرسیار دووبارە دەکەنەوە، ریال مەدرید دەتوانێ بەبێ هێرشبەرێکی گەورە رکابەریی لەسەر نازناوەکان بکات، یان دەستی لە نازناوەکانی ئەمساڵ هەڵگرتووە و هەموو شتی بۆ هاوینی داهاتوو هەڵگرتووە؟.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ