مانچێستەر یونایتد هەلی گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێک دەداتە ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، هەلی ئەوەی خستووەتە بەردەم یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکدا بکات.
 
ریال مەدرید کێشەی هێرشبەری سەرەڕمی هەیە، بەتایبەت کە یانەکە لە دوای رۆیشتنی کەریم بنزیماوە گرێبەستی لەگەڵ هیچ هێرشبەرێکدا نەکردووە.
 
جیا لە نەبوونی هێرشبەری سەرەڕم، ریال مەدرید ئەم هەفتەیە دووچاری رووداوێکی لەناکاوبوو کاتێک ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری لاباڵی یانەکە دووچاری پێکانبوو و بەپێی سەرچاوەکان ئەو یاریزانە ماوەی مانگێک لە یانەکەی دادەبڕێت.
 
ئەگەرچی ریال مەدرید یاریزانێکی لێهاتووی وەک براهیم دیازی گێڕاوەتەوە ریزەکانی، بەڵام پێناچێ کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەکە متمانەی بەتواناکانی ئەو یاریزانە هەبێت.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، یانەی مانچێستەر یونایتد هەلی ئەوەی داوەتە ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ ئانتۆنی مارتیال بکات، بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی وەرزێک.
 
میدیاکان دەڵێن، تێن هاگی راهێنەر پشت بە مارتیاڵ نابەستێت و ریال مەدرید دەتوانێ دوای وەرزێک بردنی ئەو یاریزانە بە خواستن، پاشان بەرامبەر پانزە ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
 
مارتیاڵی تەمەن 27 ساڵ، ئەزموونی لە خولی ئیسپانیادا هەیە و پێشتر بۆ ماوەی وەرزێک بەشێوەی خواستن یاریی بۆ سێڤییای ئیسپانی کردووە.
 
پێشتر ریال مەدرید ویستی خۆی لەبارەی هێرشبەری نوێوە ئاشکراکردووە و یانەکە وەکئەوەی میدیاکانی ئەو وڵاتە باسی دەکەن، بەنیاز نییە گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێک بکات.
 
میدیای ئینگلیزی دەڵێن، هەندێک کەسی نزیک لە مانچێستەر یونایتد لە هەوڵی پەیوەندیدان لەگەڵ ریال مەدرید بۆ روونکردنەوەی دۆخی مارتیاڵ لەگەڵ یانەکە و رەخساندی رێگەی چوونی ئەو هێرشبەرە بۆ مەدرید.