هاری کەین دووجار دڵخۆشە

رووداو دیجیتاڵ

هاری کەین، هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، دووجار دڵخۆشە، جارێکیان لەبەرئەوەی بووە بە باوک و دووەمجاریش لەبەرئەوەی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانە نوێیەکەی پێشکێش دەکات و لە دوو یاریی بوندێسلیگادا سێ گۆڵی کردووە.
 
هاری کەین، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هاوژینەکەی و منداڵەکەی لە دۆخێکی تەندروستی زۆر باشدان و گوتیشی "هاتووم بۆ ئەوەی گۆڵ بۆ بایرن میونشن تۆمار بکەم".
 
ئەمە پوختەی قسەکانی هاری کەینی هێرشبەری ئینگلیزیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیین، کە بۆ میدیاکارانی کرد:
 
هەفتەیەکی زۆر خۆش بوو. تەنیا شتی ئەرێنی هەبوو. ئەمانە تەنیا ئەزموونن، بۆ هەمیشە لەگەڵمدا دەژین. کەواتە، بەڵێ، هێنری کوڕە تازە لەدایکبووەکەم لە دۆخێکی زۆر باشدایە. هاوژینەکەم کەیت گەڕاوەتەوە ماڵەوە، و دۆخی تەندروستی باشە. چەند هەفتەیەکی دیکە ئەوانیش دێن کاتێک شتەکان کەمێک جێگیر بوون. بەڵام من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم ئاڵنگارییە نوێیەم، ئێمە بەڕاستی لەگەڵ تیپە نوێیەکەمان بەباشی دەستمان پێکرد. هیوادارم بتوانین بەردەوام بین.
 
کارێکی نایابە کە لە دوو یارییدا سێ گۆڵ بکەم. دەزانن هەر کە پەیوەندیم بە تیپەکەوە کرد، ویستم یارمەتی تیپەکە بدەم و لە هەموو روویەکەوە یارمەتیان بدەم. تۆمارکردنی گۆڵ هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە لێرەم. زۆر خۆشە کە ئەمڕۆ هەلێکی دیکەم هەبوو بۆ تۆمارکردنی دوو گۆڵ. بە گشتی  من دڵخۆشم بە ئەنجامەکە و روونە کە منیش رۆڵم هەیە.