ڤیدیۆ؛ مانچینی.. گورزێکی دیکەی سعودییەکان لە تۆپی پێی ئەوروپا

28-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
رۆبێرتۆ مانچینی
رۆبێرتۆ مانچینی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی سعودیە رۆبێرتۆ مانچینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە دەستنیشانکردنی رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری ئیتاڵی بە راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سعودیە راگەیاند.
 
مانچینی پیاوێکی دیکەی داهێنەری نێو دونیای تۆپی پێی ئەوروپایە.. بۆینباخێکی سەوز دەبەستێت و بەیادەوەرییەکانی ئەو ساتانەدا دەچێتەوە کە لەگەڵ ئازۆریدا نازناوی یۆرۆی بەدەستهێنا و مێژووی نووسییەوە.
 
ئەو ئیدی لە باڵکۆنەی ماڵە سەرنجڕاکێشەکانی رۆمادا قاوەی بەیانییانی خۆی ناخواتەوە، بەڵکو خۆی بۆ گەشتی کیشوەر و وڵات و جوگرافیایەکی دیکە تەدارەک دەدات و ئیدی گەشتێک لە ئاسیا دەستپێدەکات.
 
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری بەنێوودەنگی ئیتاڵی، پیاوێکی سەروماش برنجیی گەشتکردوو بەدەیان ئەزموونی جیاواز لە یانەکانی ئەوروپا و گەیشتن بە لووتکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ئیدی کاروانەکەی خۆی لەدەرەوەی ئەو کیشوەرە دەستپێدەکات.
 
ئەو لە پڕۆمۆی ناساندنەکەیدا وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی سعودیە گوتی "مێژووم لە ئەوروپا دروستکرد، کاتی ئەوەیە لەگەڵ سعودیەدا مێژوو دروست بکەم".
 
مانچینی کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا و هاندەرانی ئازۆری شۆککرد، کاتێک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا راگەیاند، بەدڵخۆشییەوە روو لە سعودیە دەکات و دەبێتە گەورەترین راهێنەر لە دوای شەپۆلی گەشتی یاریزانە بەناوبانگەکان، روو لە سعودیە دەکات.
 
مانچینی 56 ساڵ، بە ئەزموون و ناوبانگێکی زۆرەوە روو لە سعودیە دەکات، ئەو پێیوایە ئەوەی سعودییەکان لە مۆندیالی قەتەردا کردیان و ئەو جۆشوخرۆشەی ئەوان پێشانیاندا لە پشتی هەڵبژاردەکەیانەوە، هاندەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی بەتاسەوە کارەکەی لە وڵاتێکی نوێدا دەستپێبکات.
 
مانچینی خاوەنی کاروانێکی درێژە لە کارکردن و درەوشانەوە، ئەو ساڵانێکی زۆر لە ئیتاڵیا کاریکردووە، کاروانەکەی بەیانەکانی فیۆرێنتینا، لازیۆ و ئینتەرمیلاندا تێپەڕیوە، دواتر لە ئینگلتەرا پێشەوایەتیی مانچێستەر سیتی کرد بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی پرێمەرلیگ لە وەرزی 2011 - 2012 پاش چلوچوار ساڵ لە چاوەڕوانی.
 
مانچینی دواتر لە گەڵاتەسەرای تورکی و زینیتی رووسی کاریکرد بەرلەوەی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ببێتە وێستگەیەکی گرنگی ژیانی ئەو کە توانی چاوەڕوانیی زۆری ئیتاڵییەکان بۆ نازناوێک کۆتایی پێبهێنێت و یۆرۆی 2020 لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیدا بباتەوە.
 
چوونی مانچینی بۆ سعودیە بەشێکی دیکە دەبێت لە شاڵاوی چوونی ئەستێرەکانی ئەوروپا بۆ ئەو وڵاتە.. سعودییەکان، بەبردنی مانچینی دیارترین راهێنەری ئێستای ئەوروپا و دوا راهێنەری براوەی نازناوێک لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئەوروپا، بۆ لای خۆیان پەلکێشدەکەن و ئەوەش هێندەی دیکە شۆکی سعودییەکان بۆ تۆپی پێی ئەوروپا گەورەتر دەکات.
 
مانچینی تاوەکو ساڵی 2027 لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە بەردەوام دەبێت و ئەو راهێنەرە ساڵانە 25 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت و ئەرکی یەکەمی، پێشاندانی ئاستێکی باشە لەگەڵ سعودیە لە جامی ئاسیای داهاتوو کە قەتەر لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا، میوانداریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە