ماوەی دوورکەوتنەوەی ڤینیسیۆس ئاشکرا کرا


رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید رووبەڕووی گورزێکی کوشندە بووەوە، بەهۆی دەرکەوتنی ماوەی دوورکەوتنەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە تیپەکەی، بەهۆی پێکانەوە.
 
ڤینی لە یاریی یانەکەیدا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ کە ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا، لە خولەکی 18ی یارییەکەدا بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە رانی راستیدا، یاریگەی بەجێهێشت.
 
پێشتر میدیاکان ئاشکرایانکردبوو ڤینی لە دوای پشووی یانەکان بەهۆی فیفا دەیەوە، دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن، بەڵام ئەمڕۆ میدیای ئیسپانیا دەڵێن ماوەی چاکبوونەوەی ئەو یاریزانە، کاتی زیاتری پێویستە.
 
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی دەڵێ ڤینیسیۆس تووشی گرژبوونی ماسوولکەکانی بووە، ماوەی دوورکەوتنەوەکەی لە مانگێک کەمتر نییە.
 
ڤینی بەشداریی یارییەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل ناکات، هەروەها لەگەڵ یانەکەی لە یارییەکانی بەرامبەر خیتافی، ریال سۆسیێداد و ئاتلێتیکۆ مەدرید دادەبڕێت.
 
پێکانی ڤینی و نەبوونی هێرشبەری ژمارە نۆ لە ریال مەدرید، لە پاش رۆیشتنی کەریم بنزیما لەو یانەیە، پێویستیی یانەکەی بە گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێک زیاتر کردووە، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن ریال مەدرید بەنیاز نییە هاوینی ئەمساڵ هیچ هێرشبەرێک بباتە ریزەکانی.
 
ریال مەدرید رکابەرییەکانی وەرزی نوێی لالیگای بەسێ بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، ئەلمێریا و سێلتاڤیگۆ دەستپێکردووە، میدیای ئیسپانیا دەڵێن کارگێڕیی یانەکە بە کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریان گوتووە کە دەبێ لەو یاریزانانەی بەردەستی، کێشەی نەبوونی هێرشبەر چارەسەر بکات.
 
ئەگەرچی لە سێ یاریی یەکەمدا، ریال مەدرید باشدەرکەوتووە و جود بێلینگهامی یاریزانی ناوەڕاستی یانەکە باش درەوشاوەتەوە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام هەمووان گومانیان لەوە هەیە ئەو یانەیە بەو پێکهاتەیەوە و بەبێ هێرشبەری سەرەڕم، توانای رکابەریکردنی لەسەر نازناوەکان هەبێت.