بەفەرمی.. تیاگۆ سیلڤا چووە یانەی چێڵسی

28-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تیاگۆ سیلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەفەرمی گواستنەوەی تیاگۆ سیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسیی بۆ ریزەکانی راگەیاند.

چێڵسی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا گواستنەوەی ئەو یاریزانەی بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی یانەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ بێن چیڵوێل واژۆکرد و دوێنێش مالانگ ساری گواستەوە ریزەکانی.

سیلڤا لەلێدوانێکدا بە کەناڵی چێڵسیی گوت، زۆر دڵخۆشم بەم تاقیکردنەوەیە نوێیە و پەیوەندیکردن بە یانەی چێڵسی، دڵخۆشم بەوەی بەشێکم لە پێکهاتەی فرانک لامپارد بۆ وەرزی داهاتوو و هاتووم بۆ ئەوەی نازناو ببەمەوە، لە نزیکدا هاندەرانی چێڵسی لە ستامفۆرد بریچ دەبینم.

لەلایەن خۆیەوە مارینا گرانوفسکایا، بەڕێوەبەری وەرزشی چێڵسی گوتی، خۆشحاڵین بەوەی توانیمان کارەکانی گواستنەوەی سیلڤا بۆ یانەکەمان تەواوبکەین و ئەو ئێستا یاریزانی ئێمەیە.

پێشتر میدیای بەریتانیا راگەیاند، گرێبەستەکەی تیاگۆ سیلڤا لەگەڵ یانە لەندەنییەکە بۆ یەک ساڵ دەبێت و ئەگەری نوێکردنەوەشی هەیە و مووچەکەشی دەگاتە 6 ملیۆن یۆرۆ.

گواستنەوەی تیاگۆ سیلڤا لەکاتێکدایە، پێشتر یانەکە گرێبەستی لەگەڵ حەکیم زیاش و تیمۆ ڤێرنەریش کردووە و ئێستا کار بۆ تەواوکردنی کارەکانی گواستنەوەی کای هاڤێرتز دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە