بەهۆی ئاستی تیپەکەیەوە رەخنەی تووند لە راهێنەری نوێی چێڵسی دەگیرێت

دوێنێ کاژێر 05:32
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی چێڵسی ئینزۆ مارێسکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتی یانەی چێڵسی ئینگلیزی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاستی خراپی ئینزۆ مارێسکای راهێنەری یانەکەی لەگەڵ تیپەکەدا دەرخست و رووبەڕووی رەخنەی تووندی میدیاکان بووەوە.
 
میدیای ئینگلتەرا، چێڵسی سەردەمی مارێسکای بە "هاندەر بۆ رکابەرەکانی تاوەکو تێکی بشکێنن" ناوبردووە، ئەمەش پاشئەوەی لە دووەم یاریی ئامادەکاریدا، تیپەکە دووچاری شکستێکی قورس بووەوە.
 
چێڵسی گەشتی ئامادەسازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە یەکسانبوون لەگەڵ ریکسهام دەستپێکرد بە 2 - 2 گۆڵ. ئەوەی بووە مایەی سەرنجڕاکێشان، خراپیی هێڵی بەرگری تیپەکە و ئەو گۆڵە ئاسانانە بوو کە لە یانەکە کران.
 
لە یاریی دووەمی دۆستانەی ئامادەسازیدا، چێڵسی بەرامبەر سێلتیکی سکۆتلەندی بە 4 - 1 دۆڕا، ئەمە تیپەکەی رووبەڕووی رەخنەی تووند کردەوە.
 
مارێسکا بەرگری لە تیپەکەی کرد، ئەو گوتی "ئەم ئەنجامە شایستەی ئێمە نییە، بەڵام گرنگە بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە بەشێوەیەکی گشتی. ئێمە لە یارییەکەدا کۆنترۆڵی تۆپمان، دە هێندەی یاریی یەکەممان باشبووین کە بەرامبەر ریکسهام بوو، بەڵام بەبێ تۆپ پێویستیمان بەگەشەپێدانی خۆمان هەیە و کاتێک دەبێ پاساتی کورت بکەین، سەرمان لێدەشێوێت".
 
چێڵسی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، بەرووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی پاڵەوانی خولەکە دەستپێدەکات، راهێنەرەکەی دەڵێ، "بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادە دەبین، لە یەکەم یاریی فەرمیماندا هەموو شت باش دەبێت".
 
هاوکات یانەی چێڵسی لە بڵاوکراوەیەکدا، کۆتاییهاتنی گرێبەستی مالانگ ساری یاریزانی تیپەکەی راگەیاند کە چوار ساڵی لە یانەکەدا بەسەربرد و تەنیا 21 یاریی ئەنجامدا.
 
ساری 25 ساڵ، دەرچووی ئەکادیمیای نیسی فەرەنسی بوو، بەخواستن یاریی بۆ پۆرتۆ و مۆناکۆ کرد کاتێک لە چێڵسی بوو، بەڵام ئەو یاریزانە کە هەفتانە 100 هەزار پاوەند وەردەگرێت، نەیتوانی لەگەڵ تیپەکەدا کاتێک ماوریسیۆ پۆچەتینیۆ راهێنەری بوو، شوێن بۆخۆی بکاتەوە و بەهۆیەوە رەوانەی تیپی خوار تەمەنی 21 ساڵی یانەکە کرا.
 
سار لە دوای چێڵسی یاری بۆ یانەی لانسی فەرەنسی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە