زانیاریی سەرنجڕاکێش لەسەر میدالیاکانی ئۆڵیمپیادی پاریس

دوێنێ کاژێر 05:05
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 میدالیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بردنەوەی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیاد بۆ هەموو وەرزشڤانێک شانازییەکی گەورەی مێژووییە، بەڵام میدالیاکانی ئۆڵیمپیادی 2024ی پاریس، بەتایبەتتر دەردەکەوێت، لەبەرئەوەی کاتێک وەرزشڤانەکان میدالی زێڕ دەبەنەوە، پارچەیەک لە تاوەری ئیفڵی مێژوویی و بێوێنەش لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە و وەک یادگارییەکی ئەو تاوەرە لەلایان دەمێنێتەوە.
 
تۆڕی 'زە ئاتلێتیک' ئاشکرایکردووە، نزیکەی 5،084 میدالیای تایبەت بۆ ئۆڵۆمپیادی 2024ی پاریس دروستکراون، لە نێویاندا 2600 میدالیای ئۆڵیمپیاد و 2400 میدالیا بۆ پارائۆڵیمپی.
 
کێشی هەر میدالیایەکی زێڕ 530 گرام زێڕە، لە کاتێکدا هەر میدالیایەکی زیو 526 گرام زیوە و برۆنزەکانیش 450 گرامن.
 
شومێ کە براندێکی بەناوبانگی فەرەنسییە لە بواری جوانکاری و کاتژمێری گرانبەهادا و ساڵی 1780 دامەزراوە، بەشێک لە کۆمپانیای لوی ڤیتۆنی بەناوبانگ، دیزاینی میدالیاکانی ئۆڵیمپیادی پاریسی کردووە.
 
دیزاینی میدالیاکان سێ تایبەتمەندی جیاوازی هەیە، کە بریتییە لە شێوەیەکی شەش پاڵوویی و درەوشانەوە و سەرنجڕاکێش، لە ناوەڕاستیدا شەش پاڵوویەک هەیە کە ئاماژەیە بۆ شێوەی شەش پاڵوویی فەرەنسا.
 
لە چواردەوری شەش پاڵووییەکان، چەندین شێوەی جیاوازی نزیک لە هێڵ هەن، کە ئاماژەن بە درەوشانەوە، کە ئەمەش پێشاندانی پاریسە وەک 'شاری درەوشاوە'.
 
بەشێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی لە میدالیاکاندا، پەیوەندی بەتاوەری ئیفڵەوە هەیە. کاتێک لە سەدەی بیستەمدا تاوەرەکە نۆژەنکرایەوە، نۆژەنکارەکان بەشێک لە ئاسنی سەرەکی تاوەرەکەیان لێکردەوە و لە کۆگاکاندا هەڵیانگرت و دواتر لە دروستکردنی شەش پاڵووییەکەی میدالیاکاندا بەکاریان هێنا.
 
بەپێی سەرچاوەکان، هەر میدالیایەک بڕی 0.04 پاوەند لە ئاسنی تاوەری ئیفڵی تێدایە، ئەمەش یەکەمجارە پارچەی ئاسەوارێکی مێژوویی لە میدالیای ئۆڵیمپیاددا بەکاردەهێنرێت.
 
گۆڤاری 'فۆربس' دەڵێ بەهای هەر میدالیایەکی ئۆڵیمپیادی پاریس نزیکەی 950 دۆلاری ئەمریکییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە