ئۆڵیمپیادی پاریس.. خواردنی شەو یاریزانێکی دوورخستەوە

دوێنێ کاژێر 04:59
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەر لە ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا، خانمە بۆکسێنەرێکی میسری بەهۆکارێکی سەیر لە رکابەرییەکە دووردەخرێتەوە.
 
یومنا عاید، خانمە بۆکسێنەری میسری، دوای ئەوەی پلەی دووەمی لە پاڵەوانیەتی ئەفریقا بەدەست هێنا، بڕیاربوو وەکو یەکەم خانمە بۆکسێنەری میسری بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکات، بەڵام چەند کاژێرێک بەر لەوەی یارییەکەی دەستپێ بکات، رێکخەرانی پاڵەوانیەتییەکە بینیان کێشی  یاریزانەکە 54.7 کیلۆگرامە و خۆی یاریزانەکە بۆ ئەوەی لەم یارییەدا بەشداری بکات دەبووایە تەنیا 54 کیلۆگرام بێت.
 
عەبدولعەزیز غونەیمی سەرۆکی یەکێتی بۆکسێنی میسر لە پاریس بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر ئێمە دەست دەکەین بە لێکۆڵینەوەی ورد تا بزانین هۆکاری زیادبوونی کێشی ئەم یاریزانە چییە."
 
ئەو زیاتر گوتی، شەوی پێش یارییەکەی یومنا ، ئێمە یارییزانەکەمان کێشا و ئەو 54 کیلۆگرام بوو بەبێ هیچ زیادەیەک، بەڵام کە بەیانی کاژێر 7 کە لە خەو هەڵساین، بینیمان 700 گرام لە کێشی زیادی کردبوو، ئەمە مانای ئەوەیە یاریزانەکە شەوەکە لە ژووری تایبەتی خۆی خواردنی داواکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری زیادبووکی کێشی یاریزانەکە.
 
عەبدولعەزیز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " یەکێتییەکەی پارەیەکی زۆری خەرجکردووە بۆ ئامادەکردنی ئەم یاریزانە بۆ ئۆڵیمپیاد، یاریزانەکە تەمەنی بچووکە و ئاستێکی بەرزی هەیە بۆیە نامانەوێت تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن هیچ بڕیارێک بدەین بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر داهاتووی یاریزانەکە دروست نەکات.
 
شاندی میسر لە ئۆلیمپیادی پاریس 148 یاریزانە، 96 یاریزانی پیاو و 52 ئافرەت لە یارییە جیاوازەکان رکابەری دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە