گریزمان دەبێتە خاوەنی دووەم بەرزترین مووچە لە پاش مێسی

دوێنێ کاژێر 04:14
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئاتلێتیكۆ مه‌درید خولی ئەمریکا مێسی و رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی گالاکسی ئەمریکی هەوڵدەدات، ئانتوان گریزمانی ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بباتە ریزەکانی و ئامادەیە ئەو یاریزانە بکاتە خاوەن دووەم گەورەترین مووچە لە خولەکەدا.
 
گریزمان گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی تاوەکو هاوینی 2025ە. یانە ئەمریکییەکە هەوڵەکانی خۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە چڕ کردووەتەوە. ئامادەشە مووچەیەکی زەبەلاح بەو یاریزانە بدات.
 
میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، یانە ئەمریکییەکە، هەوڵدەدات هاوینی ئەمساڵ یان هاوینی ساڵی داهاتوو، گرێبەست لەگەڵ گریزمانی فەرەنسی بکات.
 
گریزمانی 33 ساڵ، ئەگەرچی هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێ ساڵێکی دیکەش بەڕەزامەنی هەردوولا نوێبکرێتەوە.
 
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گریزمان لەگەڵ ئاتلێتیکۆ دە ملیۆن یۆرۆیە و یانە ئەمریکییەکە دەتوانێت ئەو پارەیە بدات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لۆس ئانجلۆس گالاکسی، کە لە ریزەکانیدا هەریەکە لە هۆگۆ لۆریس و ئۆلیڤێ ژیرۆ یارییدەکەن، ئامادەیە گریزمان بکاتە خاوەن دووەم بەرزترین مووچە لە خولی ئەمریکا، لە پاش لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئینتەر مەیامی کە زۆرترین مووچە لە خولەکەدا وەردەگرێت.
 
پێشتر گریزمان رایگەیاندبوو نیازی وایە رووبکاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای مۆندیالی 2026ەوە کە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، لەپێناو تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێدا.
 
گریزمان ساڵی 2014 لە ریال سۆسیێدادەوە روویکردە ئاتلێتیکۆ مەدرید. تاوەکو ئێستا لە 389 یاریدا، 181 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
 
ئانتوان گریزمان، لە 2019 تاوەکو 2022 لە بارسێلۆنا یارییکرد و 74 یاریدا 22 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی سەرنەکەوتنی لەگەڵ بارسا، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
بەپێی ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ئینتەر مەیامی ساڵانە 20 ملیۆن دۆلار مووچە دەداتە لیۆنێل مێسی و یانەی لۆس ئانجلۆس گالاکسی ئامادەیە مووچەی 15 ملیۆن دۆلاری ساڵانە بداتە ئانتوان گریزمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە