رۆژی یەکەمی ئۆڵیمپیاد رکابەرییەکی بەهێزی تێدا بینرا و سێ راهێنەر سڕکران

 
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکەم رۆژی ئۆڵیمپیادی پاریس کۆتاییهات، 10 وڵاتی جیاواز لە رۆژی یەکەمی رکابەرییەکاندا توانیان میدالیای زێڕ بەدەستبهێنن.
 
یەکەم میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیاد بۆ وڵاتی چین بوو، دوای ئەوەی هوانگ یوتینگ و شینگ لیهاو لە یاریی نیشانە شکاندنی هەوایی 10 مەتریدا توانیان لە یاری کۆتاییدا لە کۆریای باشوور ببەنەوە.
 
لە یاری جۆدۆدا لوکا مکایدزی و شیرین بۆوکلی دوو میدالیایان بۆ وڵاتی رێکخەری ئۆڵیمپیاد بەدەستهێنا، مکایدزی میدالیای زیوی بەدەستهێنا دوای ئەوەی بە یەڵدۆز سمیتۆڤی کازاخستانی دۆڕا و بۆوکلیش توانی میدالیایەکی برۆنز بەدەستبێنێت دوای ئەوەی لە یاریزانی ئیسپانی لاورا مارتینێزی بردەوە.
 
فەرەنسا باشترین یاریزانەکانی جۆدۆی هەیە لە جیهان و پێشبینی دەکرێت میدالیای زۆر لەو یارییە ببەنەوە، بەتایبەت کە فەرەنسا لە هەر 14 کێشە جیاوازەکانی ئەو یارییەدا یاریزانی هەیە.
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی کەنەدا، بە لێکەمکردنەوەی 6 خاڵ سزا درا و هەر سێ راهێنەرەکەی بۆ ماوەی ساڵێک سڕکران، دوای ئەوەی ئاشکرابوو یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەکە، بە درۆن سیخوڕیی لەسەر راهێنانەکانی هەڵبژاردەی نیوزیلاند دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی تێنسی پیاواندا، نۆڤاک جۆکۆڤیچ، کارلۆس ئەلکاراز، دانیێل میدڤیدێڤ لە یەکەم یارییاندا براوە بوون و رافایێل نادال سەرەڕای پێکانەکەی پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یەکەم یاری خۆی ئەنجام بدات.
 
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا کەشوهەوای پاریس بارانبارینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش لە بەشێکی یارییەکاندا بووە هۆکاری دروستبوونی کێشە، یاریی سکەیتبۆردینگی سەر شەقامەکان کە وادانرابوو رۆژی شەممە دەستپێبکات دواخرا بۆ رۆژی دووشەممە هۆکارەکەشی ناڵەباریی کەشوهەوا بوو.
 
لە یاریگاکانی رۆڵان گارۆسدا کە یارییەکانی تێنسی تێدا بەڕێوەدەچن، بەهەمان هۆکارەوە بەشێکی یارییەکانی چەند خولەکێک لە کاتی دیاریکراوی خۆیان دواکەوتن.
 
ئەگەر بارانبارین بەردەوام بێت، لەوانەیە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر کوالێتی ئاوی رووباری سین کە پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممە پێشبڕکێی سییانی تێدا ئەنجام بدرێت.
 
تەقەکەری جۆرجی، نینۆ سالوکڤادزی مێژووی نووسیەوە وەک یەکەم ئافرەت لە 10 یاری ئۆڵۆمپیاددا بەشداری کردبێت، لە ساڵی 1988 یەکەم بەشداری ئەو یاریزانە بوو وەک نوێنەری یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو، لە تەمەنی 19 ساڵیدا توانی میدالیای زێڕ بەدەستبێنێت.
 
لە تۆپی پێی پیاواندا هەڵبژاردەی عێراق دووچاری یەکەم دۆڕانی خۆی بوو بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئوکراینیەکان دوای سەرەتا خراپەکەیان توانیان بگەڕێنەوە و لە مەغریبیان بردەوە، سەرەڕای یاریکردنیان بە 10 یاریزانەوە یەکەم سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
ئیسپانیا و ژاپۆن سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کرد دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەکانی کۆماری دۆمینیکان و مالی.
 
فەرەنسا دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی غینیا خاڵی بووە خاوەنی 6 خاڵ و بە ئەگەری زۆرەوە دەگاتە قۆناخی داهاتووی تۆپی پێی ئۆڵیمپیاد.
 
هەڵبژارەی ئۆزبەکستان یەکەم هەڵبژاردەیە بەفەرمی ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی تۆپی پێی پیاوان دەکات، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی میسر دۆڕان.
 
لە باسکەشدا فەرەنسا توانی سەرکەوتن بەسەر بەرازیلدا بەدەستبهێنێت و ئوسترالییەکان توانیان ئیسپانیا ببەزێنن، کەنەدا و ئەڵمانیاش لە هەڵبژاردەکانی یونان و ژاپۆنیان بردەوە.
 
 
ریزبەندی میدالیاکان دوای کۆتاییهاتنی رۆژی یەکەمی ئۆڵۆمپیاد