ڤیدیۆ؛ پوتین نەیتوانی فێنارباخچە بگەینێتە چامپیۆنزلیگ

28-07-2022
ئیحسان تاهیر
فێنارباخچە 1-2 دینامۆ کیێڤ
فێنارباخچە 1-2 دینامۆ کیێڤ
نیشانەکردن فێنارباخچە دینامۆ کیێڤ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی داینامۆ کیێڤی ئۆکراینی، پارێزگاری لە هیواکانی بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ کرد، دوای  ئەوەی لە ئیستەنبووڵ بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە فێنارباخچەی خاوەن یاریگەی بردەوە.
 
لەم یارییەدا کە یانەی خاون ماڵ بە 10 یاریزان تەواویکرد، دوای ئەوەی یاریزانەکەی ئیسماعیل یوچێک لە خولەکی 53 بە کارتی سوور دەرکرا، یانە ئۆکراینییەکە بلیتی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەو پێیەی لە یاریی چووندا کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا لە پۆڵەندا کرا، هەردوو یانە بە ئەنجامی 0-0 یەکسان بووبوون.
 
دینامۆ کیێڤ سوودی لە کەمی ژمارەی یاریزانانی تیپی بەرامبەر وەرگرت و لە خولەکی 57 لە رێگەی ڤیتالی بۆیالسکی گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، ئەمەش وای لە هاندەرانی یانە تورکەکە کرد وەڵامی شکستی تیپەکەیان بە وتنەوەی دروشم بەناوی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا بدەنەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی فێناربەخچە بە 10 یاریزان یاری دەکرد، بەڵام بە لێشاو هێرشی دەبردە سەر گۆڵی تیپی میوان، بە ئامانجی تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون، کە لە خولەکی 68 دەرفەتی بۆ رەخساو لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، بەڵام ئینی ڤالێنسیا سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی لێدانەکە و لەدەستیدا.
 
تورکەکان هەر خۆیان بەدەستەوە نەدا، تاوەکو ئاتیلا سالای، دوو خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی یارییەکە توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ فێنارباخچە تۆماربکات و یارییەکە چووە کاتی زیادکراو. 
 
نیوەی یەکەمی زیادکراو هەر بە یەکسانی کۆتاییهات، بەڵام لە خولەکی 114 هیواکانی فێنارباخچە بۆ بردنەوەی یارییەکە لەنێوچوون، کاتێک ئۆلیکساندر کاراڤایڤ توانی گۆڵی بردنەوەی بۆ یانە ئۆکراینییەکە بکات.
 
بەم ئەنجامە دینامۆ کیێڤ ئۆکرانیا سەرکەوت بۆ قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە تیایدا رووبەڕووی ستۆرم گراسی نەمسایی دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە