لازیۆ لەگەڵ یاریزانێكی ریال مەدرید رێککەوت

28-07-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

یانەی لازیۆ نزیکدەبێتەوە لە راگەیاندنی یەکەم گرێبەستی فەرمیی هاوینە و لەگەڵ بۆرخا مایۆرالی یاریزانی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتن.

بەپێی میدیاکانی ئیتالیا، یانەی لازیۆ دەیەوێ بەزووترین کات گواستنەوەی مایۆرال بکاتە فەرمی پێش ئەوەی هیچ یانەیەکی دیکە بێتە نێو گرێبەستەکەوە و نرخەکەی زیادبکەن.

مایۆرالی تەمەن 23 ساڵان کە لەم دوو وەرزەی رابردوودا یاریی بۆ یانەی لێڤانتی دەکرد، ئێستا گەڕاوەتەوە ریال مەدرید، بەڵام لەو یانەیە دڵخواز نییە و دەستبەرداری دەبن.

دوو رۆژ بەر لە ئێستا ئیگلی تارێ، بەڕێوبەری وەرزشیی لازیۆ لەگەڵ بەڕێوبەری کارەکانی مایۆرال کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ لازیۆ کردووە، بەڕێوبەری کارەکانی مایۆرال داوای 2 ملیۆن مووچەی ساڵانەی کردووە، بەڵام تاری پێی گوتووە کە توانای پێدانی ملیۆن و نیوێک مووچەی دەدەنێ.

گرێبەستی گواستنەوەی مایۆرال بۆ لازیۆ بە 15 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێ.

بۆرخا مایۆرال یەکێك بوو لە یاریزانەکانی دەرچووی کاستییا، بەڵام لەگەڵ تیپی یەکەمی ریال مەدرید سەرکەوتوو نەبوو، سێ جار بە خواستن دراوەتە یانەکان، جارێک بۆ ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانی و دووجاریش بۆ لیڤانتی، وەرزی رابردوو لەگەڵ لیڤانتیدا 36 یاریکرد و 9 گۆڵی تۆمارکرد.

پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەم گرێبەستە بەفەرمی رابگەیێندرێ و مایۆرال ببێتە یاریزانی لازیۆ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە