وەرزی نوێی خولی ئیتاڵیا مەترسی لەسەرە

رووداو دیجیتال

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، نیگەرانە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خولی ئیتاڵیا، هۆکارەکەیشی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

گابریێلی گراڤینا، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بە دەستپێکی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی ئیتاڵیا و گوتی "مەحاڵە بتوانی پرۆتۆکۆلی ئێستای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەیەکی درێژ لە سێریا ئەی بەکاربهێنی و پشتی پێببەستی".

گراڤینا هەروەها گوتی "من زۆر نیگەرانم، یانەکان بەمنزیکانە ئامدەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکەن و ئێمەش دواکەوتووین و هێشتا نازانین کام رێ و شوێنی نوێ دەگرینەبەر، نازانین کە پێویستە چی بکەین".

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە پێویستە واقعبینانە هەڵسوکەوت بکەن و گوتی "بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێکردنی هەمان پرۆتۆکۆلی ئێستا تاوەکو کۆتایی وەرزی داهاتوو، و ئەنجامدانی پشکنین لە هەر چوار رۆژ جارێک مەحاڵە".

گابریێلی گراڤینا، باسی لەوەکرد کە ستەم لە یاریزانان دەکرێت و پێویستە چارەسەرییەک بدۆزرێتەوە و گوتی "پشتبەستن بەهەمان پرۆتۆکۆل تووندوتیژییەکی جەستەییە بەرامبەر بە یاریزانان، بۆیە پێویستە لەسەرمان بەدوای چارەسەری نوێدا بگەڕێین".