ڤان دایك: له‌ وه‌رزی رابردوودا ته‌نیا یه‌ك یاریزان منی بڕیوه‌

رووداو ـ هه‌ولێر

ڤیرجیل ڤان دایك، به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا و یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، ناوی ئه‌و یاریزانه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ له‌ وه‌زری رابردوودا یاری پێكردووه‌ و لێی ده‌رچووه‌.

له‌ وه‌رزی رابردوودا، بێجگه‌ له‌وه‌ی رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ له‌ لایه‌ن یانه‌ی لیڤه‌رپووله‌وه‌، ڤان دایك به‌وه‌ش ناوبانگی زیاتر بوو، كه‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن گوتیان "به‌ درێژایی وه‌رزه‌كه‌ هیچ یاریزانێك له‌ هیچ خول و پاڵه‌وانێتییه‌كدا نه‌یتوانیوه‌ له‌ ڤان دایك ده‌ربچێت".

وادیاره‌ راگه‌یاندنه‌كان به‌ هه‌ڵه‌داچوونه‌ و ته‌نیا یه‌ك یاریزان هه‌بووه‌ ئه‌و كاره‌ی كردبێت، چونكه‌ خودی ڤان دایك دانی پێدا ده‌نێت و ده‌ڵێت "له‌ وه‌رزی رابردوودا ته‌نیا یه‌ك یاریزان منی بڕیوه‌، ئه‌ویش لیرۆی سانێ بووه‌".



ڤان دایك له‌ وه‌رزی رابردوودا له‌ سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتییه‌كاندا 56 یاری ئه‌نجامدا و ته‌نیا یه‌ك جار یاری پێكرا، ئه‌ویش له‌ یاری هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا بوو له‌ 19/11/2018 له‌ خولی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا، كه‌ له‌ خوله‌كی 42ی یارییه‌كه‌دا سانێ یاری به‌ ڤان دایك كرد. ئه‌و یارییه‌ به‌ یه‌كسانبوونی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ به‌ 2 گۆڵ كۆتاییهات.

ڤان دایك به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی له‌ وه‌رزی رابردوودا له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا و یانه‌ی لیڤه‌رپوولدا پێشكه‌شی كردووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ به‌هێزترین به‌ربژێرانی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆر و زه‌ بێست.