رۆناڵدۆ راهێنەری داهاتووی یانەی نەسڕ دیاری دەکات

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی رۆڵی گەورەی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی راهێنەری نوێی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو.
 
دوای دوورخستنەوەی رۆدی گارسیا، یانەی نەسڕ بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی یانەکە بکات لە رکابەرییەکانی وەرزی داهاتوودا، بۆ ئەوەش پشت بە کەسایەتی و نێوبانگی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبەستێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەرازیل و بەدیاریکراوی رۆژنامەی ئوۆل، کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندیی بە لویس کاسترۆ، راهێنەری پۆرتوگالی و ئێستای یانەی بۆتافۆگۆی بەرازیلی کردووە، بۆ ئەوەی رازی ببێت راهێنەرایەتی یانەی نەسڕ وەربگرێت.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "کاسترۆ بڕیاری خۆیداوە، بەڵام دوای یارییە گرنگەکەیان لە جامی کۆپاسودا ئەمریکانا بەرامبەر یانەی ماگالانێسی چیلی کە رۆژی هەینی دەکرێت بڕیارەکەی رادەگەیێنێت.
 
لویس مانوێل ریبێرۆ دێ کاسترۆ، بەڕەچەڵەک بەرازیلییە و تەمەنی 61 ساڵە، چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا بە دەستەوارەی یانەی نەسڕ رازی ببێت، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی یانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات.
 
دوای شەش رۆژی دیکە یانەی نەسڕ بۆ کەمپێکی مەشق و راهێنان دەچێتە پۆرتوگال بۆ ئەوەی خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی سعودی ئامادەبکات کە رۆژی 11ـی ئاب بڕیارە رکابەرییەکانی دەستپێبکەن.