بەڕێوەبەرێکی کاری سەر بە فیفا ترس دەخاتە دڵی مەدریدییەکان

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرێکی کاری یاریزانانی سەر بە فیفا، سوپرایزێکی گەورە ئاشکرا دەکات و ترس دەخاتە دڵی مەدریدییەکان. ئەو دەڵێت "یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ئامادەیە دەستەوارەیەکی گرانبەها پێشکێشی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان بکات".
 
دوای ئەوەی ئێمباپێ رایگەیاند کە بڕگەی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاوەکو هاوینی 2025 کارا ناکاتەوە، جارێکی دیکە ناوی ئەو بە ریال مەدریدە بەسترایەوە، کە ساڵی رابردوو رێککەوتنی لەگەڵ مێرینگێ کرد، پێش ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس نوێبکاتەوە، دواتر هەوڵەکانی بۆ جێهێشتنی یانەکەی و پەیوەندیکردن بە سانتیاگۆ بێرنابیۆوە نوێکردەوە.
 
بەڵام مارکۆ کرێدێمیر، بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی سەر بە فیفا، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوێنەرانی کیلیان ئێمباپێ هەیە، ئارەزووی لیڤەرپوولی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ئاشکراکرد.
 
مارکۆ کرێدێمیر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، لیڤەرپوول ئامادەیە بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ بدات، جگە لە پێشکێشکردنی پاداشتێکی گەورە بە ئێمباپێ، بەمەبەستی بەدەستهێنانی تواناکانی.
 
ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، لیڤەرپوول رکابەری یانەی ریال مەدرید دەکات بۆ بەدەستهێنانی واژۆی ئێمباپێ، کە بڕیاری کۆتاییش لەلایەن خودی یاریزانەکەوە یەکلایی دەبێتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە گەورە یانەکانی دیکەی ئەوروپاش بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بێنە سەر هێڵ.
 
ئەم لێدوانانەی مارکۆ کرێدێمیر لە کاتێکدان کە بەرپرسانی ریال مەدریدیش هەستیان بە مەترسی هاتنە نێو رکابەری یانەکانی دیکە کردووە، لەبەرئەوە دوێنێ هەندێک لە سەراوەکانی هەواڵ لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد "ئەو بەڕێوەبەری کارانەی بەناوی ریال مەدریدەوە قسە دەکەن بە فایزە ئەلعەماری، دایکی کیلیانیان راگەیاندووە، ئەگەر نرخێک بۆ فرۆشتنی کیلیان لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە دیاریکرا، پێویستە ئێمباپێ بڵێت تەنیا ریال مەدریدم دەوێت، چونکە ئەگەر دەرگا بە کراوەیی بۆ یانەکانی دیکە بهێڵێتەوە، ئەوا ریال مەدرید دەکشێتەوە و یاریزانەکە بۆ هەمیشە لەبیر دەکات".
 
تۆماس گۆنزالێزی میدیاکار، دەڵێت "نوێنەرانی ریال مەدرید بە فایزەیان راگەیاندووە، ئەگەر ئێمباپێ بیەوێت لەم هاوینەدا بگوازرێتەوە، پێویستە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئارام بێت و داوای لە پاریس و میری قەتەر بکات ئێستا بە پارەیەکی باش بیفرۆشن".
 
میدیاکانی مەدرید، دەڵێن، ئەگەر ئێمباپێ لە 1ـی1ـی2024 گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید نەکات، ئەمە لە لایەن ریال مەدریدەوە وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی پارەی زیاتر لێکدەدرێتەوە و دەکشێتەوە، بەڵام دایکی دەیەوێت چاوەڕوانییەکە کۆتاییپێبهێنێت و تەواو  گواستنەوەکە لەم هاوینەدا تەواو بکات.