کەی بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ بارسێلۆنا دەدرێت؟

28-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکلاکردنەوەی داهاتووی یانەی بارسێلۆنا بۆ بەشداریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو نزیکبووەتەوە و هەمووان چاوەڕێی بڕیاری یۆفا دەکەن.
 
بەهۆی ئەو کێشانەی لەماوەی رابردوودا یانەکە تووشیانبوو، بەتایبەتیش پرسی خۆسی نیگرێرا، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئەویش ئەگەری دوورخستنەوەیە لە چامپیۆنزلیگ.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان یانەی بارسێلۆنا لە ماوەی نێوان ساڵی 2001 تاوەکو 2018 بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ داوەتە نیگرێرا بۆ ئەوەی هاوکاریی یانەکە بکات.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو چاوەڕواندەکرێت یۆفا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سزاکانی یانەی بارسێلۆناوە بدات و ئەگەری هەیە لە هەفتەی یەکەمی مانگی نوێدا شتەکان بەتەواوی روون ببنەوە."
 
لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا، لیژنەی ئاکار و رێکخستنی یۆفا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی نیگرێرا و تێوەگلانی بارسیلۆنا لە گەندەڵی ئاشکرا دەکات، بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای کەتەلۆنیا.
 
لەلایەن خۆیەوە یانەی بارسێلۆنا هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەسەر پرسی تێوەگلانی یانەکە لە دۆسیەی نیگرێرا و خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەکە زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کە ئەو پرسە بۆ لێدانە لە گەورەیی بارسێلۆنا.
 
پێشتر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا چووەتە سویسرا و لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی متمانەیان پێبکات کە هیچ سەرپێچییەک لەلایەن یانەکەیەوە نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە