گریمیۆ ئارێنا ئاستەنگی بۆ بەرازیل دروست کرد

28-06-2019
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن کۆپا ئەمریکا
A+ A-

دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی بەرازیل بە لێدانی یەکلاکەوە بەسەر هەڵبژاردەی پاراگوای و گەیشتنی بە قۆناخی پێش کۆتایی کۆپا ئەمریکا ویلیان داسیلڤا باسی ئەو بەربەستانە دەکات کە بوونە رێگر لەبەردەم هەڵبژاردەی بەرازیلدا.

ویلیان داسیلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی چێڵسی دەربارەی ئاستی هەڵبژاردەکەی بۆ کەناڵی بین سپۆرت دواو گوتی "ئێمە پێش ئەنجامدانی یارییەکە دەمانزانی بڕینی ئەم قۆناخە ئاسان نییە و تاوەکو لە یاری کۆتایی نزیکتر ببینەوە، یارییەکان زەحمەتتر دەبن، دڵنیاشم، یارییەکانی داهاتوو سەختتر دەبن. ئەوە راستییە کە ئێمە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەسەر کەشی یارییەکەدا زاڵبووین، چەندین دەرفەتی گۆڵکردنمان چواند، بەڵام بۆ خراپی بەختمان نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بکەین. ئێمە هەر لە سەرەتاوە خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردبوو، هەر بۆیە زۆر بەباشی مامەڵەمان لەگەڵ لێدانە یەکلاکەوەکان کرد".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بەرازیل نەیتوانی رووی راستەقینەی پیشانبدات ویلیان گوتی "ئێمە رووبەڕووی زەحمەتی زۆر بووینەوە، چەندین جار دەرفەتمان چواند، بەڵام  لە چۆنییەتی مامەڵەکردن بە تۆپەوە، چیمەنی یاریگاکە "گریمیۆ ئارێنا" یارمەتیدەرنەبوو، خراپی یاریگاکە هەموو شتێکی لە ئێمە شێواند، کێشەی ئێمە ئەوەبوو لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکان سەرکەوتوو نەبووین، ئەمەش بەشێکی هۆکارەکەی بۆ خراپی چیمەنی یاریگاکە دەگەڕایەوە کە ئاسان نەبوو مامەڵە بەتۆمەوە بکەیت، کاریگەریشی هەبوو لەسەر تێکدانی ریتمی یاریەکە، بەڵام لە گێمی دووەم دەمانویست دەرفەت دروست بکەین و گۆڵ تۆمار بکەین، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتین و ئێستا ئێمە هەست بە ئاسوودەیی دەکەین، چونکە ئەم بەربەستەشمان تێپەڕاند".

ویلیانی تەمەن 30 ساڵ وەک شوێنگروەی ئالان بەشداریی یارییەکەی کرد، توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات، هەروەها یەکەم لێدانی یەکلاکەوەی بەسەرکەوتووی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل جێبەجێ کرد و توانی گۆڵ تۆمار بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە