رووداو - هەولێر
تۆماس مۆلەری یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێیوایە یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکردنی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالی رووسیادا، پەیوەندی بەو وێنانەوە هەیە کە هەریەکە لە مەسعود ئۆزێل و ئیلکای گۆندۆگان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیادا گرتیان.
ماوەیەکی کەم بەر لەدەستپێکردنی مۆندیالی رووسیا، هەریەکە لە مەسعود ئۆزێل و ئیلکای گۆندۆگان کە بەڕەچەڵەک تورکن، سەردانی سەرۆکی تورکیایان گرت و وێنەیان لەگەڵدا گرت، ئەو وێنانە کاردانەوەی گەورەی لەلای هاندەرانی مانشافت دروستکرد و ئەو دوو یاریزانەیان بە ناپاک بەرامبەر ئەڵمانیا ناوبرد.
کاردانەوەکە هەر ئەوەندە نەبوو، هاندەرانی ئەڵمانیا لە یاری دۆستانەی نێوان ئەڵمانیا و سعودیەدا بە قسە هێرشیان کردە سەر ئەو دوو یاریزانە و هویهایان لێکێشان و دواتر گۆندگان دەستی بەگریان کرد و هاندەرانی ئەڵمانیا هەر بەوەوە نەوەستان و ئۆتۆمبێلی ئەو یاریزانەیان شکاند.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوێنێ ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2018ی رووسیا کرد لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا پاش ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕا.
مۆلەر لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی سپۆرت بیڵدی ئەڵمانی دەڵێ کاتێک تۆ پاڵەوانی جیهانیت، دەکەویتە ژێر چاودێرییەکی تایبەتەوە و دەبێ مامەڵە لەگەڵ زۆر شتدا بکەیت کە هیچ پەیوەندییان بە تۆپی پێوە نییە.
شاندی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەر دوێنێ گەڕانەوە وڵاتەکەی خۆیان و بڕیارە ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەکانی بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی ئەو شکستە دەستپێبکات.
مۆلەر زیاتر دەڵێ تیمەکە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هەندێک شتەوە، لەوانەیە هەندێک کەس بەوە دڵخۆش بن کە بەسەر ئێمەدا هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ