هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گاڵتە بە رۆناڵدۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هەژماری فەرمی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لەسەر پلاتفۆرمی “X” بە زمانی عەرەبی، گاڵتەی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی کرد، کە دوێنێ دووشەممە ژمارەیەکی پێوانەیی لە خولی سعودیەدا شکاند.
 
هێرشبەرە پۆرتوگالییە تەمەن 39 ساڵەکە، لە وەرزی 2024 لەگەڵ یانەی نەسڕ 35 گۆڵی تۆمارکرد و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و زۆرترین گۆڵی لە وەرزێکدا لە مێژووی خولی سعودیە تۆمارکرد.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 11 ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە، ئەمەش وایکرد ئەو یاریزانە ببێتە خاوەنی زۆرترین بەشداریی گۆڵلە مێژووی خولی رۆشندا، کە 46 بەشداریی گۆڵە لەماوەی ئەم وەرزەدا، کە تیپی پایتەخت بە کۆکردنەوەی 82 خاڵ پلەی دووەمی بەدەستهێنا و 14 خاڵ لەدوای هیلالی پاڵەوانەوەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا. گوتی "من بەدوای ریکۆردەکاندا ناگەڕێم، ئەوە ژمارەکانن کە بەدوای مندا دەگەڕێن". ئەمە وای لە هەژماری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە (X) کرد گاڵتە بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات.
 
هەژماری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین (عەرەبییەکەی)، وێنەیەکی مێسی بڵاوکردووەتەوە، ئەوکاتەی جامی جیهانی بەرزدەکاتەوە و لەسەری نووسیوە "شتان بين الثرى والثريا". واتا بە کوردییەکەی مەبەستی ئەوەیە، کە بڵێت "جیاوازی نێوان مێسی و رۆناڵدۆ وەک جیاوازی نێوان زەوی و ئاسمانە".