وردەکارییەکانی گرێبەستی راهێنەری نوێی بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە راگەیاندنی گرێبەستی راهێنەری نوێی یانەکەی نزیکدەبێتەوە، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش وردەکاریی گرێبەستی راهێنەرەکە ئاشکرا دەکەن.
لە دوای دوورخستنەوەی چاڤی هێرناندێز، لە راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا، هانزێ فلیک، راهێنەری ئەڵمانی و پێشووی یانەی بایرن میونشن دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئەو راهێنەرە لە بارسێلۆنایە بۆ ئەوەی کارەکانی پەیوەندیکردنی بە یانەکە و وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە تەواو بکات."
خاڤی میگێل، رۆژنامەڤانی ئیسپانی دەڵێت "مووچەی کاشی هانزێ فلیک لە یانەی بارسێلۆنا 3 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەڵام پاداشتی لەگەڵە، لە ئەگەری بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەکە 1 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت دەداتە راهێنەرەکە و بەبردنەوەی لالیگاش 750 هەزار یۆرۆی دیکە وەکو پاداشتی بردنەوەی نازناوەکە وەردەگرێت.'
جگە لەوە داهاتووی سێرخی رۆبێرتۆ، کاپتن و بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا بەندە بە بڕیاری هانزێ فلیکەوە، لەکاتێکدا چاڤی پێشتر داوای مانەوەی یاریزانەکەی کردبوو، بەڵام ئێستا داهاتووی ئەو یاریزانە بەهۆی هاتنی راهێنەری نوێ دیارنییە.
هانزێ فلیک گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بۆ دوو ساڵ دەبێت و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یان سبەی بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ بلاوگرانا رابگەیێنرێت.