ڤیدیۆ؛ هیلال بەبێ دۆڕان بووە پاڵەوانی سعودیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلال ریکۆردێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوی لە خولی سعودیەدا تۆمارکرد و بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت نازناوی خولەکەی بردەوە.
 
هیلال لە دوایین یاریی خولی سعودیەدا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی وەحدە یارییکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
دوای 19 خولەک یارییکردن محەممەد کنو بەلێدانی سەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاڵەوانی سعودیە تۆمارکرد و هیلالی پێشخست.
 
لە خولەکی 76 یەحیا نەجعی ئەنجامەکەی بۆ یانەی وەحدەی خاوەن یاریگە یەکسانکردەوە.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە چەند خولەکێکی کەم، ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، بەلێدانی سەر یانەی هیلالی کردە خاوەنی دوو گۆڵ و خۆیشی لەم وەرزەدا بووە خاوەنی 27 گۆڵ.
 
هیلال یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، یانەکە لە 34 یارییدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاند و بووە یەکەم یانەی سعودی بەبێ دۆڕان نازناوی خولەکە بباتەوە.
 
یانەی هیلال یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێی سعودیەدا بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت نازناوی خولی وڵاتەکە بباتەوە.