گالتێ دەپاڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ کارگێڕیی یانەکەی نارد، دوای ئەوەی نازناوی خولی فەرەنسی بۆ وەرزی 2022-2023 بەدەستهێنا.
 
پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی لەسەر یاریگەی یانەی ستراسبۆرگ بەرامبەر ئەو یانەیە بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوو، گەڕێک بەر لە کۆتاییهاتنی خولەکە، نازناوەکەی مسۆگەرکرد. کە ئەم نازناوە یازدەهەمین نازناوی خولی فەرەنسییە لە مێژووی پاریس سانجێرماندا، هەروەها دووەمجاری لەسەریەکە بۆ یانەی پاریسی.
 
گالتێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە و بردنەوەی نازناوی لیگ وەن، باسی داهاتووی خۆی کرد و کاتێک پرسیاریان لەبارەی داهاتووی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لێکرد؟ لە وەڵامدا گوتی "پێموایە من شایستەی ئەوەم بۆ وەرزی دووەم لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوام بم"..
 
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە پاریس سانجێرمان بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی جێگەی گالتێ بگرێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە قۆناغی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەرکرا.
 
لەنێو ئەو ناوە دیارانەی کە بۆ مەشق و راهێنانەکانی پاریس سانجێرمان کاندیدکراون، خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری ئێستای یانەی رۆمای ئیتاڵی و لویس ئێنریکی، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیان.