وێنە.. ئەو راهێنەرەی پەیکەرێکی لە زیو بۆی دروستکرا

28-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریڤەرپلەیت مارسێلۆ گایاردۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی رۆژێکی تایبەتی بۆ هاندەرانی رێکخست و پەیکەرێک لە زیو کە بۆ مارسێلۆ گایاردۆ، راهێنەری پێشووی یانەکە دروستکراوە نمایشکرد.
 
هەزاران هاندەری یانەکە لە گۆڕەپانێکی گەورەی بەردەم یاریگەی مۆنۆمێنتالی یانەکە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی یانەی ریڤەرپلەیت ببینن لەو رێوڕەسمەدا کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 122 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یانەکەدا رێکخرابوو.
 
لەو رێوڕەسمەدا سەرۆک، ئەنجوومەنی کارگێڕی، یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی یانەکە ئامادەبوون و جامەکانی یانەکە و دەستکەوتەکانی لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا نمایشکران، هەر لەو چوارچێوەیەشدا پەیکەرێکی تایبەت مارسێلۆ گایاردۆ نمایشکرا کە لە زیو دروستکراوە و لەسەر شێوازی ئاهەنگی ئەو راهێنەرە دروستکراوە کە لە 2018 جامی لیبەرتادۆرێسی لەگەڵ یانەکە بردەوە.

 
مارسێلۆ گایاردۆ لەبارەی ئەو پەیکەرەوە گوتی "من لەم یانەیە گەورەبووم و تێیدا دەمرم، من بەبەختم کە لەم یانەیەدا بووم."
 
گایاردۆ وەک یاریزان لە 1992 تاوەکو 1999 یارییکردووە، لە 2003 بۆ 2006 جارێکی دیکە گەڕایەوە ئەو یانەیە، لە 2009 و 2010 بۆ جاری سێیەم لە تیپەکەدا یارییکردووە، وەک راهێنەریش لە 2014 تاوەکو 2022 راهێنەرایەتی ریڤەرپلەیتی کردووە و یەکێک لە ئەستێرەکانی یانە ئەرجەنتییەکەیە، وەک راهێنەر گایاردۆ 12 نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە