گالتێ لاوازترین پاڵەوانی فەرەنسایە لەسەردەمی زێڕینی سانجێرماندا

28-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن سانجێرمان خولی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێشەوایەتی یانەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسا. بەڵام پاریسەکەی گالتێ، یەکێکە لە خراپترین ڤێرژنەکانی سانجێرمان لە دوای بوونیەوە بە موڵکی وەبەرهێنە قەتەرییەکان.
 
سانجێرمان توانی بۆ یانزەیەمین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی لیگ ئای فەرەنسا بباتەوە، سانجێرمان یەکەم یانەیە ئەو ژمارەیەی نازناوی خولە نێوخۆییەکەی فەرەنسا بباتەوە و یانە پاریسییەکە پێش سانت ئیتیان کەوت کە پێشتر وەک پاریس 10 نازناوی خولەکەی بەدەستهێنابوو.
 
دواجار کە سانت ئیتیان نازناوی خولی فەرەنسای تێدا بەدەستهێنابێت، ساڵی 1981 بوو.
 
خاڵە رەشەکەی ئەم دەستکەوتە گرنگەی سانجێرمان، ئەوەیە کە یانە پاریسییەکە تا دوا گەڕی خولەکە نەیتوانی نازناوەکە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە و یانەی لانس رکابەرییەکی سەرسەختانەی لەگەڵدا کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.
 
داتاکان دەڵێن، گالتێ خاوەنی لاوازترین کاروانی نێو ئەو راهێنەرانەیە کە لەدوای بوونی سانجێرمانەوە بە موڵکی قەتەرییەکان سەرپەرشتی یانەکەیان کردووە لە ساڵی 2011ەوە کە تێیدا یانەکە، کۆنترۆڵی نازناوە نێوخۆییەکانی کردووە.
 
سانجێرمان لە ژێر سەرپەرشتی وەبەرهێنە قەتەرییەکاندا، نۆ جار نازناوی خولی فەرەنسای بە سەرکردایەتی شەش راهێنەری جیاوازی هاتوو لە پێنج قوتابخانەی جیاوازی تۆپی پێ، بەدەستهێناوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، سەرەتای دەستکەوتەکانی سانجێرمانی لە خولە نێوخۆییەکە دەستپێکرد و ساڵی 2013 بەجیاوازیی دوانزە خاڵ لە مارسیلیا، نازناوی خولی فەرەنسای بردەوە.
 
هەرچی لۆران بلانە، سێ نازناوی خولەکەی سێ ساڵ بەسەریەکەوە لە 2014،2015 و 2016دا بەدەستهێنا.
 
بلان لە وەرزی یەکەمدا بەجیاوازیی 9 خاڵ لەگەڵ مۆناکۆی دووەم نازناوەکەی بردەوە، وەرزی دواتر بەجیاوازیی هەشت خاڵ لەگەڵ ئۆڵەمپیک لیۆن بووەوە بە پاڵەوان. ساڵی 2016 بەجیاوازیی گەورەی 31 خاڵ لەگەڵ هەردوو یانەی لیۆن و مۆناکۆ بووەوە بە پاڵەوانی خول.
 
هەرچی تۆماس توخێلی راهێنەری ئەڵمانییە، ساڵانی 2019 و 2020 نازناوەکەی لەگەڵ سانجێرماندا بەدەستهێنا و لە وەرزی یەکەمدا 16 خاڵ لە لیلەوە دووربوو و وەرزی دووەمیش 12 خاڵ لە مارسیلیاوە دووربوو.
 
ساڵی 2022 سانجێرمان لەگەڵ ماوریسیۆ پۆچەتینۆ نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا، پاش پێشکەوتنی لە مارسیلیای دووەم بەجیاوازیی 15 خاڵ.
 
لە بەرامبەردا، گالتێ لاوازترین براوەی لیگ ئا بوو لەگەڵ سانجێرمان پاشئەوەی بەجیاوازیی تەنیا چوار خاڵ لەگەڵ لانس، نازناوی خولەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردەوە.
 
پێشتریش سانجێرمان لە وەرزەکانی 1986 بەجیاوازیی سێ خاڵ لە نانت و 1994 بەجیاوازیی هەشت خاڵ لە مارسیلیا، نازناوی خولی فەرەنسای بەدەستهێنابوو.
 
لەسەروبەندی کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی فەرەنسا، میدیاکان سوورن لەسەرئەوەی کە یانە پاریسییەکە چیدی رێگە بەمانەوەی کریستۆف گالتێ لە مەشقدانی یانەکە نادات و جۆزێ مۆرینیۆ، نزیکترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی مەشقدانی یانە پاریسییەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە