کڵۆپ: قورسە کەس لێمان بباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە ریال مەدرید تا راددەیەک بەربژێرترە بۆ بردنەوەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام گوتیشی "ئەگەر لە لووتکەی ئاستماندابین، قورسە کەس لێمان بباتەوە".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ساتد دو فرانس لە پاریس یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی بەڕێوەدەچێت.
 
یۆرگن کڵۆپ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا سەبارەت بەوەی کە کامیان بەربژێرە بۆ بردنەوەی یارییەکە و نازناوەکە؟ گوتی "بەربژێر؟ پرسیارەکە ئاسانە، پێموایە ئەگەر سەیری مێژووی یانەکە و ئەزموونی تیپەکە بکەیت، لەگەڵ گەڕانەوەی شێتانەی تیپەکەدا، ئەوکات دەتوانم بڵێم بەربژێری بردنەوەکە ریال مەدریدە، چونکە ئەزموونی هەیە".
 
بەڵام راهێنەری ئەڵمانی یانەی رێدز، گوتیشی "بەڵام من دەمەوێ ئێمەش هەمان ئاستمان هەبێت، دەمانەوێت لە یارییەکەدا بە سروشتی خۆمانەوە دەربکەوین و ستایلی خۆمان بسەپێنین، ئەگەر لە لووتکەی ئاستماندابین، قورسە کەس لێمان بباتەوە".
 
کڵۆپ سەبارەت بەوەی یارییەکە لە پاریس بەڕێوەدەچێت لەجیاتی سانت پترسبێرگ؟ گوتی "من لەبەر هەزاران هۆکار دڵخۆشم کە یارییەکە لێرە بەڕێوەدەچێت، یارییەکی نامۆیە بەڕاستی، جەنگەکە بەردەوامە، تۆ راست دەکەی، دەبێت ئێمە بیر لەوە بکەینەوە، یارییەکە کە لە سانت پترسبێرگ ناکرێت، لەوانەیە رێک پەیامە راستەکە بێت، ئەوەی پێویستە بگاتە رووسیا، دەبێت ئەوان بزانن کە ژیان بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر ئەوان هەوڵ بدەن لەنێویش ببەن".