یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.. ئەمشەو رۆژی دەوڵەمەندترکردنی مێژووە

28-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریال مه‌درید لیڤەرپوول یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەموو یارییەکانی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، یاریی تۆمارکردنی مێژوون، بەڵام یارییەکەی ئەمجارە یاریی دەوڵەمەنترکردنی مێژووە، بۆ هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی ساتد دو فرانس لە پاریس یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ریال مەدریدی ئیسپانی بەڕێوەدەچێت.
 
دوو لایەنی یارییەکەی ئەمشەو، دوو یانەی مێژوویین، کە خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندن لە چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید ئەگەر بیباتەوە دەبێتە خاوەنی 14 نازناوی ئەوروپا، ئەگەریش بدۆڕێت لیڤەرپوول بۆ جاری حەوتەم دەبێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ میلانی ئیتاڵی، کە دووەمە لەدوای ریال مەدریدی خاوەن 13 نازناو.
 
لەسەر یاریگەی ساتد دو فرانس، لیڤەرپوول و ریال مەدرید دوا مەشقەکانی خۆیان بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئەنجامدا.
 
یاریزانانی ریال مەدرید رۆژێک پێش یاریزانانی لیڤەرپوول گەیشتنە پاریس، بەڵام لیڤەرپوولییەکان دوو کاژێر پێش ئەوان مەشقیانکرد. 
 
یاریزانانی هەردوو یانە بەرکەوتن و هەستکردنیان بۆ چیمەنی یارییەکە تاقیکردەوە. راهێنەرانی هەردوو یانەش دوا رێنوێنی و قسەکانی خۆیان بۆ یاریزانان کرد، بەرلەوەی بەرەو شەڕە یەکلاکەرەوەکە بەڕێیان بکەن.
 
مەشقەکانی لیڤەرپوول بەشداریکردنی هەریەکە لە تیاگۆ ئەلکانتارا و فابینیۆی بەخۆوە بینی، وەک راهێنەری یانەکە رایگەیاندووە، هەردوو یاریزان مەشقی ئاسایی بەکۆمەڵیان ئەنجامداوە، بەڵام بەشداریکردن یان نەکردنیان لە یارییەکەدا هێشتا دیار نییە.
 
ریال مەدرید لە مەشقەکانیدا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ بە رووخساری یاریزانەکانییەوە بینرا. ئەو ماوەی مەشقەی کە رێگەدرا میدیاکاران تێیدا ئامادەبن، تیپەکە بەسەر دوو پێکهاتەی تێکەڵدا دابەشکرا و بەرامبەر یەکدی یارییان کرد، بەرلەوەی لێدان بۆ گۆڵ دوا بڕگەی مەشقە وێنەگیراوەکانی یانەکە بێت.
 
لیڤەرپوول کە نەیتوانی رووداوە مێژووییە گەورەکە بخولقێنێت و ببێتە یەکەم یانەی ئینگلیزی چوار نازناو لە وەرزێکدا بباتەوە، دەیەوێ لایەنی سێیەمی نازناوەکانی ئەمساڵی، چامپیۆنزلیگ بێت. بەڵام ریال مەدرید کە تەنیا نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە، وەک راهێنەرەکەی ئاشکرایکردووە، بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ بۆی، کۆتایی وەرزەکە دەکاتە کۆتاییەکی نایاب.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە