رووداو دیجتال
سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کوردی یانەی ئەمانە بەغدا، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند ناتوانێت بۆ خولی نایابی کوردستان پەیوەندی بە یانەی برایەتی بکات.
ئەم گۆڵپارێزە نێودەوڵەتییە تەمەنی 34 ساڵە، وەرزی ئەمساڵ لە ریزی یانەی ئەمانە بەغدا یاریی دەکات و ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، 12 کلین شیتی لە خولی نایابی عێراق هەیە و 2 کلین شیت لە جامی عێراق.
یانەی برایەتی رکابەرییەکی بەهێز دەکات لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان، کە وەرزی رابردوو سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەکە بوو، هەر بۆیە یانەکە هەوڵی هێنانەوەی ئەم گۆڵپارێزەی داوە، بەڵام دواجار سەرهەنگ لە بەغدا مایەوە.
سەرهەنگ لەبارەی پەیوەندیکردنی بەیانەی برایەتی بۆ رووداو، روونیکردەوە "راستە یانەی برایەتی بۆ خولی نایابی کوردستان داوای یاریکردنیان لێکردم، بەڵام یانەی ئەمانە بەغدا داواکەیان قبوڵ نەکرد و منیش پابەندم بە یانەکەم لە خولی نایابی عێراق".
سەرهەنگ موحسین، لە یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و 4 نازناوی خولی نایابی عێراقی بەرزکردووەتەوە، هەروەها دووجاریش گەیشتووەتە یاری کۆتایی جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیا، لە 6 یاری نێودەوڵەتیدا گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بووە و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵۆمپی عێراقیش بووە.
سەرهەنگ موحسین لەبارەی ئەوەی کە هیوای بەوە ماوە، جارێکی دیکە بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت بکرێتەوە؟ گوتی "هەموو شتێکم لەپێناو گەڕانەوەم بۆ هەڵبژاردەی عێراق کردووە، هەوڵەکانم کۆتایی نەهاتووە و گەشبینم بەوەی بانگهێشتی هەڵبژاردەکە بکرێم، زۆر متمانەم بە ئاستی خۆم هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ