دوو پاسەوانی عەدنان درجال تووشی کۆرۆنا بوون

28-05-2020
سیداد لەشكری @sidadlashkri
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوو پاسەوانی عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەرپرسانی پارێزگای نەینەواش کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزیر رەتکردەوە.

سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر راگەیاند، دوای گەیشتنی درجال بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ خۆی و پاسەوانەکانی کراوە، دوای 24 کاژێر لە ئەنجامدانی پشکنینەکان، ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکانیان ئەرێنی بووە و دوو پاسەوانی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

رۆژی چوارشەممە عەدنان درجال، بەسەردانێک گەیشتە هەولێر، لەگەڵ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆبووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ سەردانی موسڵ بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی ئەو دوو پاسەوانەی وەزیری وەرزش و لاوان، کۆبوونەوەکە ئەنجامنەدرا.

لەلایەن خۆیەوە نەجیم ئەلجبووری، پارێزگاری نەینەوا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە وێنەیەکی بۆ رووداو نێردراوە دەڵێت، ئەو دوو پاسەوانەی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە هەولێر کەرەنتین کراون و لەگەڵ شاندەکە سەردانی نەینەوایان نەکردووە و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان لە هەولێر ماونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دوو پاسەوانەی عەدنان درجال، یەکێکیان برازایەتی و ئەوەی دیکەشیان ئەندامێکی شاندی یاوەریەتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە