بەفەرمی چاڤی هێرناندێز بووە راهێنەری سەد


رووداو - هەولێر

یانەی سەدی قەتەری، بەشێوەیەکی فەرمی چاڤی هێرناندێز، ئەستێرەی یانەکەی وەک راهێنەری یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو دەستنیشانکرد.

یانەکە لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە توویتەر بڵاویکردووەتەوە، چاڤی لەسەرەتای وەرزی داهاتووەوە وەک راهێنەری یانەکە دەستبەکاردەبێت، هەریەکە لە سێرجیۆ ئوریۆل، ئیڤان تۆرێس، ئوسکار هێرناندێز، خۆسێ مانوێل، دەیڤد پاراتس، ئانتونیۆ لوبو، سێرخیۆ گارسیا و ئانتۆنیۆ رامولاس، لە دەستەی راهێنەرایەتی یانەکەدا هاوکاری چاڤی دەکەن.



چاڤی هێرناندێز لە ساڵی 2015 دوای بەجێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا روویکردە یانەی سەد و دوو هەفتە لەمەوبەر، بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.

چاڤی پێشتر لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی، دەیەوێت لە سەد وەک یەکەم ئەزموونی راهێنەرایەتی کاربکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی شارەزای کارەکە ببێت و دوای ئەوەش بگەڕێتەوە ئەوروپا و بەدیارییکراویش ببێتە راهێنەری بارسێلۆنا.